zagros news agency

لە هەولێر پێشوازی لە شاندێکی خاوەنکار و کۆمپانیاکانی مێرسین کرا

بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 2026/8/12، هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر، بە ئامادەبوونی عەمید خەسرۆ غازی، بەڕێوەبەری کاروباری ناوخۆی پارێزگا، پێشوازی لە شاندێکی فراوانی خاوەنکار و کۆمپانیاکانی شاری مێرسینی وڵاتی تورکیا کرد، کە لە چەندین سێکتەری جیاوازی ئابووری، خزمەتگوزاری و بازرگانی گشتی چالاکن.

لە دیدارەکەدا، جێگری پارێزگاری هەولێر وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، جەختی لە گرنگی بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانی و وەبەرهێنانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا کردەوە. ئاماژەی بەوەش دا کە هەماهەنگی نێوان کۆمپانیا و خاوەنکارانی هەردوو لا، دەتوانێت دەرفەتی نوێ و گەورە بۆ گەشەپێدانی ئابووری و وەبەرهێنان لە ناوچەکە بڕەخسێنێت.

هێمن قادر تیشکی خستە سەر مێژووی کاری کۆمپانیا تورکییەکان لە هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند: “لە دوای ئازادکردنی عێراقەوە، کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی تورکیا ڕۆڵی پێشەنگیان هەبووە لە پرۆسەی بنیادنانەوە و گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان بەگشتی و پارێزگای هەولێر بەتایبەتی، و بەشێکی کاریگەری پرۆژە ستراتیژییەکانیان جێبەجێ کردووە.”

لای خۆیانەوە، ئەندامانی شاندی میوان خۆشحاڵی خۆیان بە سەردانی هەولێر دەربڕی و ئامادەیی تەواوی کۆمپانیاکانی مێرسینیان نیشان دا بۆ پەرەپێدانی پرۆژەکان و فراوانکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، بە ئامانجی دروستکردنی هاوبەشییەکی ئابووری بەهێزتر لەگەڵ خاوەنکارانی هەرێمی کوردستان.

هەواڵی پەیوەندیدار

بەغدا سەتان ملیار دینار بۆ رازاندنەوەی دیوارەكان خەرج دەكات

دڵشاد

راگەیندراوێک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان

یاسین

گەشتەکانی فڕۆکەخانەی بن گۆریۆنی ئیسرائیل وەستا

سەڵاح