zagros news agency

‎مەسرور بارزانی ڕاسپاردەی دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی پێشمەرگەی کرد

مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە فەرمانێکی فەرمی داوای لە وەزارەتی دارایی و ئابووری و شاندی باڵای دانوستانکاری هەرێم کردووە، هەنگاو بنێن بۆ جێگیرکردنی خەرجییەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی خەرجییە سیادییەکانی بودجەی فیدراڵیی عێراقدا.

بەپێی نووسراوێکی فەرمیی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، بە ژمارە (12,649) و بەرواری ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، کە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی پشکی خۆی لە بودجەی فیدراڵییەوە بەشداری لە دابینکردنی خەرجییە سیادییەکان دەکات، کە خەرجییەکانی هێزەکانی پێشمەرگەش لەخۆ دەگرێت.

لە فەرمانەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە لە چوارچێوەی دانوستانەکانی بودجەی فیدراڵیی ساڵی ٢٠٢٧دا، پێویستە هەوڵ بدرێت بۆ دابینکردنی مووچە، دەرماڵە و هەموو ماف و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە، لەوانەش بودجەی پرۆژەکان، ڕاهێنان و پڕچەککردن، بە پێوەرێکی یەکسان لەگەڵ هاوتاکانیان لە هێزەکانی حکومەتی فیدراڵی.

هەروەها، سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران داوای هەماهەنگیی تەواوی لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی فیدراڵی کردووە، بۆ داکۆکی لەو داواکارییانە لە هەموو قۆناغەکانی ئامادەکردن و پەسەندکردنی بودجەی ساڵی ٢٠٢٧دا.

ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی هەرێمی کوردستاندا دێت بۆ مسۆگەرکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە و دابینکردنی پێداویستییەکانیان بە شێوەیەکی یاسایی و بە پێوەری یەکسان.

هەواڵی پەیوەندیدار

لە هەولێر .. گەورەترین پیشانگای نێودەوڵەتی پیشەسازیی و کەرستەی بیناسازیی كرایەوە

دڵشاد

سوپای سووریا و ڕووسیا زیاتر لە ٨هەزار و ٧٠٠ خێزانیان دەربەدەر کرد

یاسین

سەرۆکی حکومەت له‌گەڵ وه‌زیری بازرگانی عەرەبستانی سعوودی کۆبووەوە

سەڵاح