فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (فیفا) بۆ یارییەکانی مۆندیالی ئەمساڵ، کۆمەڵێک یاسا و ڕێنمایی نوێ و توندی ڕاگەیاند کە بە شێوەیەکی بەرچاو ئازادیی هاندەران لە ناو یاریگاکاندا سنووردار دەکات، بە جۆرێک کە چاودێرانی وەرزشی بە توندترین ڕێکارەکانی مێژووی مۆندیال ناوی دەبەن.
بەپێی ڕێنماییە فەرمییەکانی فیفا، ڕێکارەکان بۆ ناو یاریگا بە تەواوی توندکراونەتەوە، بە شێوەیەک کە هاندەران تەنیا مافی بردنەژوورەوەی ئاویان دەبێت، و بردنەژوورەوەی هەر جۆرە خواردنێکی دەرەوە یان خواردنەوەیەکی کحوڵی و نەکحوڵی بە تەواوی قەدەغە کراوە. هاوکات بردنەژوورەوەی جانتای گەورە و ناڕوون قەدەغەیە و تەنیا ڕێگە بەو جانتایانە دەدرێت کە بچووک و ڕوونن.
لەلایەکی دیکەوە، بۆ ڕێگریکردن لە دروستکردنی بێزاری بۆ یاریزانان و بینەران، بەکارهێنانی ئامێرە دەنگییە بەرزەکان وەک بڵندگۆ و زۆرنا قەدەغە کراوە، و بردنەژوورەوەی کامێرای پیشەگەری گەورە و ستاند ڕێگەپێدراو نییە و تەنیا مۆبایلی شەخسی دەکرێت بەکاربهێنرێت.
سەبارەت بە پۆستەر و دروشمەکان، فیفا مەرجی داناوە کە قەبارەی پۆستەری هاندەران نابێت لە 3 بە 3 گەورەتر بێت، و لە کاتی بەدیکردنی هەر دروشمێکی سیاسی، یان ڕەگەزپەرستی لەسەر پۆستەرەکان، خاوەنەکەی ڕووبەڕووی سزای یاسایی و دەرکردن لە یاریگا دەبێتەوە.
هەروەها بەکارهێنانی یارییە ئاگرینەکان و دووکەڵاوی بەهۆی دروستکردنی مەترسی لەسەر گیانی ئامادەبووان و ئەگەری ڕاگرتنی یارییەکان، بە هێڵی سوور و قەدەغەی ڕەها دەستنیشان کراوە.
فیفا لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا داوای لە سەرجەم ئەو هاندەرانە کردووە کە بلیتی یارییەکانیان کڕیوە، پێشوەختە پابەندی ئەم ڕێسا قورسانە بن، چونکە هێزەکانی ئاسایشی یاریگاکان ڕاسپێردراون کە هیچ جۆرە چاوپۆشییەک لە کاتی سەرپێچیکردندا نەکەن.

