بەیاننامەیەک لە نوسینگەی راگەیاندنی فەرهاد ئەتروشی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە:
نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بە سەرسوڕمانەوە بەدواداچوونی بۆ ئەو راگەیەندراوەی نوسینگەی راگەیاندنی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران كرد سەبارەت داواكاری راگرتنی بودجەی دارایی بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق و بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، ئێمە خۆمان بە پابەند دەبینین کە راستییەکان بۆ رای گشتی روون بکەینەوەو لێکدانەوەی پارچەپارچەکراوی رێککەوتنەکان و یاسا کارپێکراوەکان راست بکەینەوە:
یەکەم: مووچەی فەرمانبەران هێڵی سوورەو كارتێك نییە بۆ كەرتكردن و فشاری سیاسی، هەوڵدان بۆ بەستنەوەی بژێوی و شایستەییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە ناکۆکییەکانی ژمێریاری یان داهاتی نانەوتییەوە، بەشێوەیەكی ئاشكرا دژایەتی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی دەکات، کە بە روونی بڕیاری جیاکردنەوەی پرسی مووچەی لە هەر ناکۆکییەکی سیاسی یان دارایی یان پابەندبوونێکی نێوان بەغداد و هەولێر داوە، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم هاوشێوەی مووچەی هاوتاکانیانە لە پارێزگاکانی تری عێراق، مافی دەستوری و بژێوی ژیانن ناتوانرێت بە بارمتە بگیرێن بە هیچ رێوشوێنێکی سزادان یان یەكلاكردنەوەو پاكتاوكردنی بەرامبەر، لێرەدا پرسیار ئەوەیە: ئایا داهاتی گشتی عێراق هاوشێوەی ساڵانی رابردووە؟.
دووەم: پابەندبوون بە شەفافیەت و راپۆرتی چاودێری هاوبەش، جەخت لەوە دەکەینەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگییەکی بەرزو تەواو لەگەڵ دەستەی باڵای وردبینی فیدراڵی کار لەسەر ئەم دۆسیەیە دەکات، ئەو هەموارکردنە یان کەمکردنەوەیە کە لە بەیاننامەکەدا باسکراوە سەبارەت بە بڕە پارە داواکراوەکان، “سازشی بێ دەسەڵات”ی حکومەتی فیدراڵی نەبووە، بەڵکو دەرئەنجامی پێداچوونەوەی تەکنیکی و یاسایی واقیعی بووە کە لەلایەن لیژنە وزارییە تایبەتمەندەکانەوە (لیژنەی شەش ئەندام) سەرپەرشتی كراوە، رەچاوی سروشتی راستەقینەی داهاتەکان و میکانیزمەکانی کۆکردنەوەو دەسەڵاتە تایبەت و هاوبەشەکانی لەسەربنەمای دەستوری عێراق کردووە.
سێیەم: راستی ژمارەکان، پابەندبوونە داراییەکان و داهاتە نانەوتییەکان، لێرەدا روونی دەکەینەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژێك لە رۆژان خۆی لە پابەندبوونەكانی نەدزیوەتەوە، بەردەوام 120 ملیار دیناری رادەستی حکومەتی فیدراڵی کردووە، تەنها دوو مانگ لەمەوبەر داهاتەکانی گەیشتە نێوان 40 بۆ 50 ملیار دینار، ئەمەش نمایندەی داهاتی راستەقینەی بەدەستهاتوو دەکات كە هاوتای ستانداردە تەکنیکییەکانە، نەک ئەنجامی کەمتەرخەمی، سەپاندنی ژمارەی گریمانەیی کە رەنگدانەوەی واقیعی ئابووری نییە، نادادپەروەرانە و ناڕەوایە، جگە لەوەش هەرێمی کوردستان داوای یەکلاییکردنەوەی هەمەلایەنەی شایستە نەدراوەکان دەكات لە بودجەی گشتی لەگەڵ خەرجی بەرهەمهێنانی نەوت و گواستنەوەو قەرەبووکردنەوەی ئەو بڕیارانەی کە زیانی ئابوورییان بە هەرێم گەیاندووە، ئەم بڕە پارانەش زۆر لەو جیاوازییانە زیاترن کە لە بەیاننامەکەدا باسکراون، وێڕای ئاماژەدان بەوەی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران پێشتر دووپاتی کردەوە کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم “هێڵی سوورە”.
چوارەم: نەرمی حکومەتی فیدراڵی پابەندبوونە بە دەستورو جێبەجێکردنی، ستایشکردنی نەرمی حکومەتی فیدراڵی پێشوو و ئێستا لە ناردنی پارەی مووچە مانای ئەوە نییە کە یاسایان پێشێل كردووە، بەڵکو گوزارشتە لە هەستکردنیان بە بەرپرسیاریەتی نیشتمانی بەرامبەر هاوڵاتیانیان لە هەرێم و پابەندبوونیان بە پاراستنی سەقامگیری کۆمەڵایەتی و ئابووری لە هەموو پارێزگاکانی عێراقدا، هەڕەشەکردن لە حکومەتی فیدراڵی بە لێپرسینەوەی یاسایی بەهۆی پێدانی مووچەی هاوڵاتیانی عێراق بە سیاسیکردنی روونی یاساکانە، ئەوانەی خەون بە دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ئەو ناوەندگەراییە قێزەونە دەبینن کە پێشێلی دەستور و رێککەوتنە سیاسییەکان و بناغەکانی پڕۆسەی سیاسی و شەراکەتی نیشتمانی دەکات لە دوای رووخانی رژێمی دیکتاتۆری ناوەندی گۆڕ بەگۆڕ، بەدینەهاتووەو بەدینایەت.
لە کۆتاییدا.. دامەزراوەی یاسادانان و سەرۆكایەتیەكەی نوێنەرایەتی ئیرادەو دەنگی هەموو پێکهاتە و توێژەکانی گەلی عێراق دەکەن، ناكرێت لایەنداری هیچ لایەنێک یان گروپێک بكات لە بەرامبەر لایەنێکی تر، بە هەر هۆکارێک بێت، بارودۆخەکە هەر چۆنێك بێت، پرسی رێکخستنی پەیوەندی دارایی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت لەسەر بنەمای گیانی شەراکەتی نیشتمانی و پاراستنی مافەکانی سەرجەم هاوڵاتیان بێت بێ جیاكاری، پێویستە لە زمانی پەرەسەندن و هەڕەشەکان دوور بكەوینەوەو گفتوگۆی بونیادنەرو لێکتێگەیشتن و کۆبوونەوەی تەکنیکی راستەوخۆ بگیرێتەبەر بۆ کۆتاییهێنان بە یەکلاکردنەوەی دۆسیەی پاكتاوی دارایی لە چوارچێوەی دەستور و یاسادا، دوور لە بژێوی هاووڵاتیانی ئاسایی.
نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران
8ی حوزەیرانی 2026

