لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا یانەی گەڵەتەسەرای تورکی بە فەرمی گرێبەستکردنی لەگەڵ یاریزانی پۆرتوگالی و ئەستێرەی پێشووی یانەی ئەی سی میلانی ئیتاڵی رافاێل لیاو، راگەیاند بۆ ئەوەی بۆ ماوەی چوار وەرز و تا هاوینی ساڵی 2030 درێسی یانەکە بپۆشێت.
کارگێڕی یانە تورکیەکە ئاماژەی بەوەداوە کە بڕی سی و هەشت ملیۆن یۆرۆیان وەک تێچووی گواستنەوەی یاریزانەکە داوە بە یانەی میلان، و لە گرێبەستەکەدا مەرجدانراوە کە لە داهاتوودا و لە کاتی فرۆشتنەوەی یاریزانەکەدا، ڕێژەی لە سەدا بیست لە کۆی بڕی فرۆشتنەکە دەدرێت بە یانەی میلان. سەبارەت بە لایەنی دارایی یاریزانەکەش، مووچەیەکی ساڵانەی زەبەلاحی دەی ملیۆن یۆرۆ بۆ رافاێل لیاو تەرخانکراوە و بەرپرسانی گەڵەتەسەرای خۆشحاڵی خۆیان بۆ ئەم گرێبەستە مێژووییە دەربڕیوە.
هاوکات لە بەرامبەردا، یانەی ئەی سی میلانی ئیتاڵی لە رێگەی پێگە فەرمیەکانی خۆیانەوە رۆیشتنی یاریزانەکەیان راگەیاند و پێزانین و سوپاسی تایبەتیان ئاراستەی لیاو کرد بەرامبەر ئەو مێژوو و دەستکەوتە گەورانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا لەگەڵ یانەکەیان تۆماریکردبوو، کە دیارترینیان بردنەوەی نازناوی خولی ئیتاڵیا و جامی سوپەری ئیتاڵیا بوو.
شایەنی باسە، ڕافاێل لیاو لە ماوەی ئەزموونی سەرکەوتووی لەگەڵ یانەی ئەی سی میلاندا توانیویەتی لە کۆی دوو سەد و نەوەد و یەک یاری ئەنجامدراودا هەشتای گۆڵ تۆمار بکات و شەست و پێنج ئەسیست پێشکەش بە هاوڕێکانی بکات، ئەمەش جگە لەوەی لە ساڵی دوو هەزار و بیستدا بە شایستەییەوە وەک باشترین یاریزانی خولی ئیتاڵیا دیاریکرا.

