ڕاهێنەری یانەی ڕیاڵ مەدرید، جۆزێ مۆرینیۆ، توانیویەتی کۆنتڕۆڵێکی تەواوی ژووری جلگۆڕینی یانەکە بکات و لە ڕێگەی لێدوانە بەردەوامەکانیەوە پەیامێکی ڕوون بە یاریزانەکان دەگەیەنێت کە باشترینەکان لەسەر کورسی یەدەگن، ئەمەش وەک هۆشدارییەک کە هەر یاریزانێک ئاستی دابەبەزێت جێگرەوەیەکی بەهێزی بۆ ئامادەیە.
ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانی بڵاویکردووەتەوە کە بارودۆخی ئێستای قەڵای سپی لە دۆخێکی زۆر باشدایە و گشت ئەندامانی تیپەکە هەست بە دڵخۆشی و هاوسەنگی دەکەن. جیاواز لە قۆناغی پێشوو لە سەردەمی چابی ئەلۆنسۆدا کە پەیوەندییەکی سارد لەگەڵ فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکە هەبوو، مۆرینیۆ لە ئێستادا لەلایەن سەرۆکایەتییەوە پشتگیرییەکی بێوێنە و تەواوی هەیە.
ئەم دەسەڵاتە ڕەها و تەواوەی مۆرینیۆ لە یانەکەدا بە ڕوونی لە دۆسیەی گواستنەوەکاندا دەرکەوتووە، بە جۆرێک کە گرێبەستکردن لەگەڵ بێرناردۆ سێلڤا بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییە گرنگەکانی هێڵی ناوەڕاست بە داواکاری و متمانەی تەواوی خۆی ئەنجام درا، لە کاتێکدا وەرزی ڕابردوو هیچ یاریزانێک بۆ هەمان پێگە بە چابی ئەلۆنسۆ نەدرا.
شایەنی باسە، یانەی ڕیاڵ مەدرید لە کۆی دوو یاریی سەرەتای خۆی لە خولی ئیسپانیا، توانیویەتی هەردووکیان بە سەرکەویی کۆتایی پێبهێنێت و شەش گۆڵی پاکیش تۆمار بکات.

