zagros news agency

دادگاییکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ حوزەیرانی ٢٠٢٧ لە ئەمریکا دەست پێ دەکات

دادوەرێکی دادگای نیویۆرک، یەکی حوزەیرانی ٢٠٢٧ی وەک کاتی دەستپێکردنی دادگاییکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ و هاوسەرەکەی دیاری کرد. داواکارانی گشتیی ئەمریکا ئەم دوو کەسەیان بە “قاچاخیکردن بە ماددەی بێهۆشکەر” تۆمەتبار کردووە؛ تۆمەتێک ئەگەر بسەلمێنرێت، ڕەنگە سزای زیندانیی هەتاهەتایی بەدوای خۆیدا بهێنێت.
ئالڤین هێلەرستاین، دادوەری دادگای نیویۆرک، یەکی حوزەیرانی ٢٠٢٧ی بۆ دەستپێکردنی دادگاییکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆک‌کۆماری پێشووی ڤەنزوێلا و سیلیا فلۆرێسی هاوسەری دیاری کرد. بڕیار وایە ١٧ی تشرینی دووەمی ئەمساڵیش دانیشتنێک بۆ تاوتوێکردنی داواکاریی پارێزەران، لەوانە ناڕەزایەتی بەرانبەر یاساییبوونی دەستبەسەرکردن و گواستنەوەیان بۆ ئەمریکا، بەڕێوە بچێت.
ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە، داواکارانی گشتیی ئەمریکا مادۆرۆیان تۆمەتبار کردووە کە دەسەڵاتی حکوومەتی ڤەنزوێلای بۆ پاڵپشتی و ئاسانکاریی قاچاخی ماددەی بێهۆشکەر بەکار هێناوە و لەگەڵ کارتێلەکان بۆ گواستنەوەی بڕێکی زۆری کۆکاین بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان هاوکاریی کردووە.
مادۆرۆ لە یەکەم دەرکەوتنی لە دادگای نیویۆرکدا، لە پەنای پارێزەران و هاوسەرەکەیدا ئامادە بوو، بەڵام لە ماوەی دانیشتنە ١٥ خولەکییەکەدا هیچ قسەیەکی نەکرد. بێری پۆلاک، پارێزەری مادۆرۆ، بە دادوەری گوت هەموو لایەنەکان لەسەر خشتەی کاتیی دیاریکراو هاوڕان و تیمی بەرگری دەیەوێت بە پشتبەستن بە پرەنسیپی “پارێزبەندیی سەروەری” ناڕەزایەتی بەرانبەر تۆمەتبارنامەکە پێشکەش بکات. مادۆرۆ تۆمەتەکانی ڕەت کردووەتەوە و دەستبەسەرکردنی خۆی بە “ڕفاندن” و خۆیشی بە “دیلی جەنگ” ناو بردووە.
مادۆرۆ و فلۆرێس لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمەوە، دوای ئۆپراسیۆنی هێزەکانی ئەمریکا لە کاراکاس، لە دەستبەسەریدان. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک‌کۆماری ئەمریکا، ئەو ئۆپراسیۆنەی بە “جێبەجێکردنی وردی یاسا” وەسف کرد. نیکۆلاس مادۆرۆ کە لە ساڵی ٢٠١٣وە سەرۆکایەتیی ڤەنزوێلای دەکرد، دەستبەسەرکردنی لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ و لادانی لە دەسەڵات، بووە یەکێک لە هەرە پڕهەراتەترین گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ساڵ لە ئەمریکای لاتین. دوای ئەو، دێلسی ڕۆدریگز، جێگری پێشووی ناوبراو، سەرۆکایەتیی حکوومەتی ڤەنزوێلای گرتە دەست.

هەواڵی پەیوەندیدار

ڕۆبن ڤان پێرسی نهێنیـەک باس دەکات سەبارەت بە یاری کردنی بۆ بارسێلۆنا

یاسین

وەزیری دەرەوەی ئێران هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە دەکات

یاسین

لە عێراق ملیاران دینار لە پڕۆژە وەهمییەکاندا بەهەدەر دەچێت

یاسین