zagros news agency

بەهۆی هێرشی حوسیەکانەوە قەتەر گەشتە ئاسمانیەکانی بۆ سعودیە راگرت

هێڵی ئاسمانیی قەتەر ئەیروەیز ڕایگەیاندووە، بەهۆی بارودۆخی ئێستای ناوچەکە و لە چوارچێوەی چاودێریکردنی بەردەوامی دواهەمین پێشهاتەکان لە عەرەبستانی سعودی، گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەکانی ریاز و دەمام تا ئاگادارکردنەوەیەکی دیکە بە شێوەیەکی کاتی ڕاگیراون.

هێڵەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا لەسەر پێگەی ئەلیکترۆنیی خۆی، جەختی لەوە کردووەتەوە کە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکاندا بەردەوام لە هەماهەنگیدایە و سەلامەتیی گەشتیاران و ستافی کارمەندانی لە پێشینەی کارەکانی دایە. هەروەها داوای لە گەشتیاران کردووە، بۆ زانینی دواهەمین زانیارییەکان سەبارەت بە گەشتەکانیان، سەردانی پێگەی ئەلیکترۆنیی qatarairways.com بکەن یان ئەپڵیکەیشنی فەرمیی هێڵەکە بەکاربهێنن.

لە هەمان کاتدا، ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس شەوی ڕابردوو ڕایگەیاندووە کە دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە شاری ریاز، پایتەختی عەرەبستانی سعودی، بیستراوە. لە پاش ئەو ڕووداوەشدا، دەسەڵاتدارانی سعودی پەیامی ئاگادارکردنەوەی بەپەلەیان بۆ هاووڵاتییان و دانیشتووانی پایتەخت ناردووە و داوایان لێکردوون ڕێنماییەکانی خۆپاراستن جێبەجێ بکەن.

لە دەقی پەیامی هۆشدارییەکەدا هاتووە: «ناوچەکە لەژێر هەڕەشەیەکی ئاسمانیی دوژمنکارانەدایە. تکایە بە هێمنی ڕەفتار بکەن، لە ناو ماڵەکانتان یان لە شوێنێکی ئارام و پارێزراودا بمێننەوە، لە پەنجەرە و دەرگاکان دوور بکەونەوە و بەردەوام پابەندی ڕێنماییەکانی بەرگریی شارستانی بن».

لە لایەکی دیکەوە، دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنی عەرەبستانی سعودی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە هێرشەکەی ئێوارەی یەکشەممە، ١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مەلیک خالید لە ریاز، بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی هاووڵاتییەکی پاکستانی و برینداربوونی ١١ کەسی دیکە.

هەروەها، حووسییەکانی یەمەن بەرپرسیارێتیی هێرشێکی دیکەیان بۆ سەر فڕۆکەخانەی ریاز لە ڕۆژی شەممەدا لە ئەستۆ گرتووە؛ هێرشێک کە بەگوێرەی زانیارییە بڵاوکراوەکان، ١٣ کەسی کوشتووە و ٣٠٩ کەسی دیکەی بریندار کردووە.

لەگەڵ ئەو پێشهاتانەدا، ڕاگرتنی کاتیی گەشتەکانی قەتەر ئەیروەیز بۆ ریاز و دەمام لە چوارچێوەی هەنگاوەکانی پاراستنی سەلامەتیی گەشتیاران و کارمەنداندا هاتووە، لە کاتێکدا چاودێریی بارودۆخی ناوچەکە و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوامە.

هەواڵی پەیوەندیدار

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ناوی ژماره‌یه‌ك ونبووی بڵاو كرده‌وه‌، كه‌سوكاریان ده‌توانن سه‌ردانیان بكه‌ن

سەڵاح

ڕاگەیەنراوێک لە وەزارەتی دارایی و ئابوری

یاسین

كۆمسیۆن ئاماده‌كارییه‌كانی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق ده‌ست پێده‌كات

سەڵاح