zagros news agency

ڕەوشی دڵتەزێنی ئاوارە درووزییەکانی سوەیدا؛ ماڵەکانیان تاڵان کراوە و کچ و ژنەکانیان ڕفێندراون

 

خێزانە درووزییەکانی گوندەکانی سوەیدا، کە بەهۆی توندوتیژیی شەڕەوە ئاوارە بوون، لە دۆخێکی مرۆیی زۆر سەختدا لە مەزارگە و شوێنە گشتییەکاندا دەژین. ئەوان دەڵێن گرووپە چەکدارەکان بە تانک و زرێپۆشەوە هاتوونەتە ناو گوندەکانیان، ماڵەکانیان وێران کردوون و بە دەیان کچ و ژنیشیان ڕفێندوون.
ژیانی ئاوارە درووزییەکانی پارێزگای سوەیای سووریا، دوای نۆ ڕۆژ لە شەڕ و پێکدادانی خوێناوی، وەک فیلمێکی ترسناک وایە. ئەوان لەژێر بۆردومان و گوللەباراندا هەڵاتوون و شایەتحاڵی کوشتنی بەکۆمەڵ، لەسێدارەدانی مەیدانی، تاڵانکردنی ماڵ و موڵکیان و ڕفاندنی دەیان کچ و ژنیان بوون. ئێستا لە دۆخێکی مرۆیی زۆر ناهەموار و بەبێ هیچ یارمەتییەکدا گەمارۆ دراون.
هنێدی ئەلحەلەبی، یەکێک لە ئاوارەکان، گوتی: “بە تانک و زرێپۆشەوە هاتنە ژوورەوە و دەستیان کرد بە ئامانجگرتنی ماڵەکان. ئێمە لەژێر مووشەک و گوللەباراندا دەرچووین. زۆرێک لە ئێمە کوژران و نزیکەی ٨٠ ژنیشیان لە گوندی سەعلێ ڕفاند.”
پەرستگاکان بوونەتە پەناگەی دەیان خێزانی ئاوارەی درووزی، کە بەهۆی دڕندەیی هێرشکارانەوە ناچار بوون تەنیا بە جلوبەرگی خۆیانەوە هەڵبێن و هیچ شتێکیان بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان پێ نەماوە.
ئاوارەیەکی دیکە گوتی: “بە هەزاران هێرشیان کردە سەرمان، سەد و دوو سەد نەبوون. بۆمب و گوللە وەک باران بەسەرماندا دەباری. ماڵەکانیان سووتاندین و تاڵانیان کردین، هیچ شتێکمان نەما.”
عائیدە علێوی، ئاوارەیەکی دیکەیە و دەڵێت: “هیچ شتێکیان بۆ بەجێ نەهێشتین. ماڵەکەم دوو نهۆم بوو، سووتاندیان. باخچە و دووکانی شیرەمەنییەکەشمان سووتێنران. تەنیا بە جلی بەرمانەوە دەرچووین.”
بەپێی دوایین ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، شەڕی پارێزگای سوەیدا، جگە لە کوژرانی زیاتر لە هەزار و ٣٠٠ کەس، بووەتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە ١٣٠ هەزار کەسی دیکە.
سەڕەڕای ئەوەی لە ١٩ی تەممووزدا دووەم ئاگربەست لە پارێزگاکە ڕاگەیەندرا و شەڕ ڕاوەستاوە، بەڵام هێشتا شارەکە گەمارۆ دراوە و قەیرانی مرۆیی ڕۆژ بە ڕۆژ قووڵتر دەبێتەوە. هاووڵاتییان بەهۆی نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک ئاو، کارەبا، سووتەمەنی و خزمەتگوزارییەکانەوە ئازارێکی زۆر دەکێشن.

هەواڵی پەیوەندیدار

سکارلێت جۆهانسۆن بەرگری لە وودی ئاڵن دەکات: باوەڕم پێیەتی و خۆشم دەوێت

ART

بایدن: پێشنیازێكی گونجان پێشكه‌ش كراوه‌، ئاگربەست لە غەززە لەسەر حەماس وەستاوە

سەڵاح

د. شاخەوان عبداللە : هەرخێزانێکی کوردی گەڕاوە بۆ کەرکوک و ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم پارچە زەوییەکی پێدەدرێت

یاسین