zagros news agency

درۆنێکی ڕووسی لە کۆگای پاشماوە ناوکییەکانی چێرنۆبیلی دا

 

دامەزراوە ناوکییەکان لە جەنگی ئۆکراینادا چەندین جار کراونەتە ئامانجی مووشەک و درۆن. ئێستاش درۆنێک باڵەخانەیەکی نزیک ناوچەی قەدەغەکراوی چێرنۆبیلی وێران کردووە. ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ئەم ڕووداوەی بە “زۆر جێی نیگەرانی” ناو برد.
بە گوتەی بەرپرسانی ئۆکراینی، لە کاتی هێرشە درۆنییەکەی ڕووسیادا، باڵەخانەیەک لە کۆمەڵگەی کۆگای ناوەندیی سووتەمەنیی ناوکیی بەکارهاتوو لە دەوروبەری وێستگەی ئەتۆمیی پەککەوتووی چێرنۆبیل کراوەتە ئامانج.
کۆمپانیای دەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ئۆکراینا (ئێنەرگۆئەتۆم) ڕای گەیاند، دامەزراوەی وەرگرتنی کۆنتێنەرەکانی پاراستنی سووتەمەنی لە هێرشەکەی شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە ٧ی حوزەیران (١٧ی جۆزەردان) بەشێکی وێران بووە.
بە گوتەی ئەم کۆمپانیایە، لەم باڵەخانەیەدا هیچ سووتەمەنییەکی ناوکیی بەکارهاتوو کۆ نەکراوەتەوە و ئاستی تیشکدەرەوەش لە سنووری ڕێگەپێدراودا ماوەتەوە. کۆمپانیای ئێنەرگۆئەتۆم هەروەها ئاماژەی بەوە دا ئاگرەکە لە ڕووبەری ٤٠ مەتری دووجادا بڵاو بووەوە، بەڵام کۆنترۆڵ کرا.
لە کۆگای ناوەندیی ناوچەی قەدەغەکراوی دەوروبەری وێستگەی چێرنۆبیل، کە ٤٠ ساڵ لەمەوبەر تووشی کارەساتی ناوکی بوو، سووتەمەنیی بەکارهاتووی وێستگە ناوکییەکانی دیکەی ئۆکراینا بۆ ماوەیەکی درێژ رادەگیرێت.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆک کۆماری ئۆکراینا، هێرشە درۆنییەکەی ڕووسیای بە “زۆر قێزەون و شەڕانگێزانە” ناو برد. ئەو لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی ڕووسیا بە مەبەست ئەم ناوچەیەی کردووەتە ئامانج.
بە گوتەی زێلێنسکی، درۆنێکی جۆری “شاهێد”ی ئێرانی یەکێک لە باڵەخانەکانی ئەم کۆمەڵگەیەی پێکاوە. ئەم دامەزراوەیە بەشێک لە ژێرخانە هەستیارەکانی ئۆکراینا دادەنرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

پەیامی سەرۆک بارزانی بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی

یاسین

دەستەی چاودێریی ئەتۆمیی عێراق، روونكردنەوە لەبارەی تیشكی ئەتۆمی دەدات

یاسین

خولی فەرەنسا.. پاریس سانجێرمان شکستی بە مارسیلیای ڕکابەری هێنا

یاسین