بەرپرسیەکی ئیسرائیلی ئەمرۆ دووشەممە، ڕایگەیاند هێرشەکەی سەر ئێران بە هاوکاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمریکا ئەنجام دراوە. بە پێی ڕاپۆرتی میدیای ئیسرائیلی، ئەو بەرپرسە وتوویەتی: «ئێمە لە بەردەم چەند ڕۆژێک شەڕ لەگەڵ ئێران و گرووپە هاوپەیمانەکانی داین».
لە هەمان کاتدا، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر «ئامانجە سەربازییەکان» لە ڕۆژاوای و ناوەڕاستی ئێران ئەنجام دراون، دوای ئەوەی ئێران بۆ یەکەم جار لە دوای ڕاگەیاندنی وەستاندنی ئاگری شەڕ لە ٨ی نیسان، مووشەک بەرەو ئیسرائیل هەلدا
سوپای ئیسرائیل هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە ئامادەیە لە هەموو بەرەکانی شەڕدا چالاکی بکات. لە هەمان کاتدا، ئیسرائیل ئاگاداری داوە کە ئەگەر هێرش بکاتە سەر حیزبوڵڵا، ناوەندەکانی فەرماندەیی و ژێرخانەکانی لە بەیروت وێران دەکات.
ڕۆژنامەی «معاریڤ» لە ڕاپۆرتێکی دا دەلێت ئیسرائیل سیستەمە ئێرانییەکانی ئامانج گرتووە کە هەڕەشە بۆ چالاکییە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دروست دەکرد. هەروەها ئاماژەی کردووە کە سوپای ئیسرائیل لە دۆخی ئامادەباشیدایە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێکی داهاتووی مووشەکی لەلایەن ئێرانەوە.
بەپێی هەڵسەنگاندنە ئیسرائیلییەکان، ئەگەری ئەوە هەیە ئێران لە ماوەی چەند کاتژمێری داهاتوودا وەڵامی ئەو هێرشانە بداتەوە.
لە واشنگتۆن، باڵیۆزی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئامانجەکان ژێرخانەی ئێرانی بوون و پەیوەندییان بە بوارەکانی وزەوە نەبوو، بەڵکو شوێنەکانی فڕێدانی مووشەکی ئێران بوون.
لە هەمان کاتدا، باڵیۆزی ئەمریکا لە تەڵئەبیب ئێرانی بە هەوڵدان بۆ لەناوبردنی ئەمریکا و ئیسرائیل تاوانبار کرد.
لە لایەکی ترەوە، ماڵپەڕی ئەمریکی «Axios» ڕاپۆرتی داوە کە سەرۆکی ئەمریکا، دونالد ترەمپ، بڕیارە پەیوەندی بە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین نتانیاهو، بکات و داوای لێ بکات وەڵامی مووشەکە ئێرانییەکان نەداتەوە.

