zagros news agency

بلەیک لایڤلی داوای 8.03 ملیۆن دۆلار لە جاستن بالدۆنی دەکات

پارێزەرانی ئەکتەری ئەمریکی بلەیک لایڤلی بەڵگەنامەیەکی نوێی دادگەیان پێشکەش کرد. بەپێی بەڵگەنامەکان، لایڤلی داوای نزیکەی 8.03 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی لە جاستن بالدۆنی دەکات.

ئەم بڕە پارەیە تێچووی پارێزەران و خەرجییەکانی دادگاییکردن دەگرێتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی داوای یاسایی ناوزڕاندن کە دژی لایڤلی تۆمارکرابوو، رەتکرایەوە.

تیمی یاسایی لایڤلی، کە تەمەنی 38 ساڵە، روونیکردەوە، بڕی 7.49 ملیۆن دۆلار بۆ کرێی یاسایی تەرخانکراوە. هەروەها 539.5 هەزار دۆلار بۆ داپۆشینی خەرجییەکانی دیکە تەرخانکراوە، کە تیمی یاسایی ناوی ناوە “بەرگری سەرکەوتوو لە دۆسیەی وایفارەر”.

گۆڤاری “People” بڵاویکردەوە، پارێزەرانی لایڤلی جەختیان لەوە کردەوە، ئەو هەوڵانەی لە کاتی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەدا دراون، گشتگیر و پێویست بوون بۆ گەیشتن بە “سەرکەوتنی تەواو”.

ئاماژەیان بۆ ئەوەش کرد، بریکار ئەم خەرجییانەی کێشاوە و ئێستاش بەردەوامە لە کێشانیان. لایڤلی بەنیازی داواکردنی تێچووی زیاتریشە کە پەیوەستن بە خودی داواکاری کرێی پارێزەرانەوە.

لە پەڕاوی دادگاکەدا هاتووە، رووماڵی میدیایی بەرفراوان بووەتە هۆی زیادبوونی تێچووی دادگاییکردنەکە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی هەزاران بابەتی رۆژنامەوانی و تاوتوێکردنی دۆسیەکە بە شێوەیەکی بەرفراوان.

پڕۆسەی ئاشکراکردنی یاسایی، پشکنینی زیاتر لە 7000 بەڵگەنامەی لەلایەن لایڤلی و دەیان هەزار بەڵگەنامەی دیکەی لە لایەن کۆمپانیای “Wayfarer” گرتەوە. دادوەر لویس جەی لیمان بە جاستن بالدۆنی، کە تەمەنی 42 ساڵە، و ستۆدیۆکانی “Wayfarer”ی راگەیاند، تاوەکو 13ی تەممووز مۆڵەتیان هەیە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم داواکارییە، پێش ئەوەی دادگە بڕیاری کۆتایی لەبارەی بڕی پارەکە بدات.

هەواڵی پەیوەندیدار

ماڵپەڕی هەواڵی زاگرۆس نوێدەكرێتەوە و بە ڤێرژنێكی پێشكەوتوو وەشانی دەست پێدەكات

hakar herki

داهاتی “Poor Things” لە سینەماکانی جیهاندا

ART

داهاتی فیلمی “The Beekeeper” لە سینەماکاندا

ART