لە درێژەی کار و چالاکییە بەردەوامەکانی پایتەختی پێکەوە ژیان و ئاشتی، بۆ بەرزڕاگرتنی پێگەی شۆڕەسوارانی کاروانی کولتوور و هونەری کوردی، رۆژی چوارشەممە ڕێکخستنی هونەرمەندانی سەر بە لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە رێوڕەسمێکی شایستە و ناوازەدا، ڕێزلێنانی پێشکەش بە چوار هونەرمەندی دێرین و ناسراوی شاری هەولێر کرد.
رێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی حزبی و حکومی، هونەرمەندان، ڕۆشنبیران، ئەدیبان، و نوێنەرانی لاوان و قوتابیان و چین و توێژە جیاوازەکان بەڕێوەچوو، تێیدا تیشک خرایە سەر مێژووی پڕ لە سەروەری و داهێنانی ئەو هونەرمەندانەی کە تەمەنی خۆیان لە پێناو دەوڵەمەندکردنی بزاڤی هونەری کوردستاندا بەخشیوە.
لە رێوڕەسمەکەدا رێز لە هونەرمەندان جەوهەر محەممەد، نەسرین مەرجان، دارا محەممەد عەلی و چەتۆ حەسەن گیرا.
رێکخەرانی رێوڕەسمەکە ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد، ڕێزلێنانەکە کەمترین وەفا و پێزانینە بۆ ئەو مێژووە زێڕینەی کە ئەم مامۆستا دێرینانە لە ڕابردوودا پێشکەشی تەلاری هونەری کوردییان کردووە.
ئەم کۆڕ و کۆبوونەوانە وەک نەریتێکی جوان، دووپاتکردنەوەی ئەو ڕاستییەیە کە داهێنەران و هونەرمەندانی ڕەسەن بەردەوام لە دڵی میللەتەکەیاندا بە زیندوویی دەمێننەوە و خزمەتەکانیان لەبیر ناکرێت.

