zagros news agency

ئۆکرانیا گەورەترین وێستگەی نەوتی ڕووسیای لە سانت پترسبۆرگ کردە ئامانج

 

ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی، سەرۆكی ئۆكرانیا ڕایگەیاند، هێزەكانی وڵاتەكەی لە هێرشێكی شەوانەدا وێستگەیەكی سەرەكی و ستراتیژیی نەوتیان لە شاری سانت پترسبۆرگ، دووەم گەورەترین شاری ڕووسیا لە باكووری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە، پێكاوە.

زیلینسكی ئەو وێستگەیەی وەك “ژێرخانێكی ژیانی” وەسف كرد كە داهاتی پێویست بۆ بەردەوامیی شەڕی ڕووسیا دابین دەكات. هاوكات سوپای ئۆكرانیاش وێستگەكەی بە “یەكێك لە گەورەترین وێستگەكانی نەوت” لە تەواوی ڕووسیادا ناوبرد. جگە لەمە، ئۆكرانیا ڕایگەیاندووە كە بنكەیەكی دەریایی سەرەكی ڕووسیاشیان لە هەمان ناوچە كردووەتە ئامانج.

لەلایەکی دیکەوە، ئەلكساندەر بێگلۆف، پارێزگاری سانت پترسبۆرگ، دانی بەوەدا نا كە شارەكە ڕووبەڕووی هێرشێكی “فراوان”ی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان بووەتەوە و وێستگە نەوتییەكە كراوەتە ئامانج، بەڵام ئاماژەی بەوە كرد كە هیچ زیانێكی گیانی لێنەكەوتووەتەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا، ئۆكرانیا هێرشە دوور مەوداكانی بۆ سەر ژێرخانی وزەی ڕووسیا چڕكردووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی كێشەی كەمیی سووتەمەنی لە ناوخۆی ڕووسیادا. كیێڤ دەڵێت نزیكەی ٤٣٪ی توانای پاڵاوتنی نەوتی ڕووسیا بەهۆی ئەم هێرشانەوە پەكی كەتوە، هەرچەندە ئەم ئامارە بە شێوەیەكی سەربەخۆ پشتڕاست نەكراوەتەوە.

بەپێی گوتەی بەرپرسانی ئۆكرانی، دامەزراوە نەوتی و گازییەكانی ڕووسیا ئامانجی شەرعین، چونكە مۆسكۆ بۆ دابینكردنی تێچووی جەنگەكەی بە شێوەیەكی سەرەكی پشت بە هەناردەی سووتەمەنی دەبەستێت.

لە بەرامبەر ئەم فشارانەدا، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی ڕووسیا، كە هەفتەی ڕابردوو بە شێوەیەكی دەگمەن دانی بە كەمبوونەوەی سووتەمەنیدا نا، ڕۆژی شەممە یاسایەكی نوێی واژۆ كرد كە ئامانج لێی بەهێزكردنی دابینكردنی سووتەمەنییە لە بازاڕە ناوخۆییەكانی وڵاتەكەیدا.

شایەنی باسە كە ڕووسیا لە شوباتی ٢٠٢٢ەوە هێرشێكی گشتگیری بۆ سەر خاكی ئۆكرانیا دەستپێكردووە و جەنگەكە تا ئێستاش بەردەوامە.

 

BBC

هەواڵی پەیوەندیدار

ڕاوێژکارێکی سەرۆکی حکوومەت بۆ زاگرۆس: پێویسته‌ ئێمه‌ش بزانین له‌ده‌روازه‌كانی عێراق چی ده‌گوزه‌رێت نه‌ك جێبهێڵدرێت بۆ میلیشیكان

یاسین

ترەمپ پەیامێک بە سوودانی دەدات

یاسین

سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا لەگەڵ زێلێنسکی کۆدەبێتەوە

سەڵاح