دادوەر سەعد لامی ڕایگەیاند کە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق بەپێی دەستوور بەردەوام دەبێت لە کارەکانی تا یەکلاکردنەوەی سەرجەم دۆسیەکان. هەروەها ئاشکرای کرد کە ٣٣٠٠ فەرمانی دەستگیرکردنی جێبەجێ نەکراو هەن دژی ئەو کەسانەی لە نێوان ساڵانی (١٩٦٨ تا ٢٠٠٣) تاوانیان دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجامداوە.
سەبارەت به ئاماری حوکمەکان و دەستگیرکردنی داواکراوان ئاشکرای کرد: تا ئێستا ١٦٠ کەس حوکم دراون (کە ٢٦یان حوکمی لەسێدارەدانە) و ٢٧٠ کەسیش بێتاوان دەرچوون و ئازادکراون.
گرفت لە جێبەجێکردنی فەرمانەکانی دەستگیرکردندا هەیە؛ زۆربەی تۆمەتباران لە دەرەوەی عێراقم و وڵاتان بەهۆی نەبوونی ڕێککەوتننامە یان مەرجی جێبەجێ نەکردنی سزای لەسێدارەدان، ڕادەستیان ناکەنەوە. دادگا بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵکی داواکراوانی دەرکردووە وەک فشارێک بۆ خۆڕادەستکردنیان.
دەربارەی ئاشکرابوونی نهێنییەکانی تیرۆرکردنی سەرکردە ئاینییەکان لامی ئاماژەی بەوەدا: بەهۆی زۆریی دۆسیەکانەوە، تەنیا دۆسیەی (دوجەیل) پێکهات و حوکمەکەی تێدا جێبەجێ کرا. بەپێی یاسا، دوای لەسێدارەدانی سەدام حوسێن، دۆسیەکانی تری ڕاگیران.
لامی باسی له وردەکاریی دۆسیەی “عەجاج حەردان” و ئەنفال کرد و گوتی: قوربانیانی ئەم دۆسیەیە پتر لە ٣ هەزار کوردی سڤیل بوون کە لە شاڵاوەکانی ئەنفال ڕزگاریان ببوو، بەڵام گواسترانەوە بۆ بیابانی باشووری عێراق لە گرتووخانەی نوگرەسەلمان. لەوێ ڕووبەڕووی برسیییەکردن، ئەشکەنجە (تەنانەت منداڵانیش بە کێبڵ لێدراون) و دەستدرێژیی سێکسی بوونەتەوە. ژمارەیەکی زۆریان بەهۆی تینووێتی و گەرمای تەممووزەوە گیانیان لەدەستداوە. بەهۆی ڕەقیی زەوییە بەردینەکە، تەرمەکان بە تەواوی نەدەشاردرانەوە و شەوانە سەگی بەرەڵا دەیخواردن.
راشیگەیاند: تا ئێستا ١٠٦٨ قوربانی (کوژراو، بێسەروشوین و ئەشکەنجەدراو) لەم دۆسیەیەدا تۆمارکراون و عەجاج شوێنی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی نیشانی هێزە ئەمنییەکان داوە.
سەبارەت به دەسەڵاتی سەرۆک کۆمار لەسەر حوکمەکان جەختی کردەوه: سەرۆکایەتیی کۆمار بە چاوپۆشی لە دەقە دەستوورییەکان، هیچ دەسەڵاتێکی یاسایی نییە بۆ هەموارکردن، سووککردن، یان هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان کە لەم دادگایەوە دەرچووبێت. ئەم تاوانانە بە “تاوانی نێودەوڵەتی” (جینۆساید و دژ بە مرۆڤایەتی) دادەنرێن و بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی، هیچ لێبووردنێکی تایبەت یان گشتی نەیانگرێتەوە. ڕۆڵی سەرۆک کۆمار تەنیا واژۆکردنی مەرسومی کۆمارییە بۆ جێبەجێکردنی سزاکە.

