ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ی تەممووزی 2026، لەگەڵ بەردەوامیی مامەڵەکان لە بازاڕەکانی وزەدا، نرخەکانی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بازدانێکی زۆر گەورە و توندیان بەخۆوە بینی، ئەمەش وەک کاردانەوەیەکی خێرا بۆ پەرەسەندنی بێپێشینەی گرژییە سەربازییەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەم هەڵکشانە توندەی نرخەکان دوای ئەوە دێت کە ئەمشەو ئەمریکا هێرشێکی فراوانی کردە سەر ئێران، و هاوکات ئیسرائیلیش بەچڕی باشووری لوبنانی بۆردوومان کرد. لە بەرامبەر ئەمەشدا، ئێران وەڵامی ئەمریکای دایەوە و هێرشی کردە سەر بەحرێن و کوێت، ئەمەش ترسی پەککەوتنی گشتی لە هێڵەکانی گواستنەوەی وزە و پچڕانی دابینکردنی نەوتی خاوی لە ناوچەی کەنداو بە توندی زیاتر کردووە و بازاڕەکانی تووشی شۆک کردووە.
لە گۆڕانکارییەکانی ئەمڕۆی بازاڕدا، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بازدانێکی گەورەی تۆمارکرد و گەیشتە 76.07 دۆلار، کە بەراورد بە ئامارەکانی دوێنێ (72.86 دۆلار) بە بڕی 3.21 دۆلار بەرزبووەتەوە. هاوكات، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی سووکی تەکساسی ئەمریکیش بە توندی هەڵکشا و ئاستی 72 دۆلاری تێپەڕاند و گەیشتە 72.23 دۆلار، کە ئەمەش بەراورد بە دواین ئاماری تۆمارکراو (69.36 دۆلار) بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی 2.87 دۆلاری نیشان دەدات.
ئەم پەرەسێندنە سەربازییە مەترسیدارانە کەشێکی توندی نادڵنیایی و شڵەژانیان بەسەر بازاڕەکانی وزەدا سەپاندووە، و لە کاتێکدا کە هێرشەکان و وەڵامدانەوەکان بەردەوامن، بازرگانان و وەبەرهێنەران بە ترس و چاوەڕوانییەکی زۆر گەورەوە چاودێری دۆخەکە دەکەن، کە چاوەڕوان دەکرێت نرخەکان لەسەر هێڵی هەڵکشانی زیاتر بهێڵێتەوە.

