لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی مۆڵەتی ٦٠ ڕۆژە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەنێوان ئێران و ئەمریکا، کە لە ناوەڕاستی مانگی ئابدا کۆتایی دێت، بەدەردەکەوێت دونالد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، زیاتر پشت بە فشارە ئابوورییەکان بۆ سەر ئێران دەبەستێت.
بەپێی زانیارییەکانی «بلومبێرگ»، بەرپرسیارێکی کۆشکی سپی وتوویەتی سزا ئابوورییەکان و بەربەستی دەریایی بوونەتە هۆی ئەوەی ئابووری ئێران بە تەواوی لاواز ببێت.
ئەو بەرپرسیارە هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە ترەمپ ئامرازەکانی تری فشاری لەبەردەستدایە و دەتوانێت لە مانگەکانی داهاتوودا بەکاریان بهێنێت، بەڵام وردەکاریی زیاتر ئاشکرا نەکردووە.
ئەم گۆڕانکارییە لە سیاسەتی واشنتن، کە جارێکی تر گرنگی بە زیانگەیاندن بە ئابووری ئێران دەدات، یادەوەری سیاسەتی «فشارە زۆرەکە»یە کە لە ماوەی دەسەڵاتی یەکەمی ترەمپدا بەکار هێنرا.
بەپێی «بلومبێرگ»، ئەمە لە کاتێکدایە کە تا چەند ڕۆژێک پێش ئێستا، کاربەدەستانی ئەمریکا هەڕەشەیان لە فراوانکردنی هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران دەکرد، دوای نزیکەی شەش مانگ لە دەستپێکردنی جەنگ.
لە لایەکی تریشەوە، مایک والتز، نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە وتووێژێک لەگەڵ تۆڕی «فۆکس نیوز» لە ١٠ی ئابدا وتوویەتی «پرۆسەی ڕووبەڕووبوونەوەی ئابووری»، کە سکاوت بێسەنت، وەزیری دارایی ئەمریکا، سەرپەرشتی دەکات، زیانێکی زۆر بە ئابووری ئێران دەگەیەنێت.
والتز هەروەها وتوویەتی ئێران توانای بەرگەگرتنی بۆمباران هەیە، بەڵام بە وتەی ئەو، ئێرانییەکان زیاتر لە سکاوت بێسەنت دەترسن تا پیت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمریکا.
بەم شێوەیە، دەردەکەوێت واشنگتن لە قۆناغی داهاتوودا جەختێکی زیاتر لە سزا، گەمارۆ و فشارە ئابوورییەکان دەکاتەوە بۆ ناچارکردنی تاران بە گۆڕینی سیاسەتەکانی.

