zagros news agency

ئەمریکا سووریا لە لیستی وڵاتانی پاڵپشتی تیرۆر دەردێنێت

 

حکوومەتی ئەمریکا کۆنگرێسی لە بڕیاری خۆی بۆ دەرهێنانی سووریا لە لیستی “پاڵپشتیی دەوڵەتیی تیرۆر” ئاگادار کردەوە. کۆنگرێس بۆ لێکۆڵینەوە لەم بڕیارە ٤٥ ڕۆژ دەرفەتی لەبەردەستدایە. ترامپ پێشتر بە ستایشکردنی کارەکانی ئەحمەد شەرع، ئەو پیاوەی بە “کەسێکی سەرسخت” ناو بردبوو.
مارکۆ ڕووبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە کۆنگرێسی ڕاگەیاند حکوومەتی ترامپ دەیەوێت سووریا لە لیستی وڵاتانی پاڵپشتی تیرۆر دەربهێنێت. بەم هەنگاوە، ڕێکاری فەرمیی دەرهێنانی سووریا لەو لیستە دەستی پێ کرد. ئەگەر لە ماوەی ٤٥ ڕۆژی داهاتوودا کۆنگرێسی ئەمریکا ناڕەزایەتی بەرانبەر ئەم هەنگاوە دەرنەبڕێت، سووریا دوای چەندین دەیە لەو لیستە لادەبرێت.
ڕووبیۆ لەم بارەیەوە گوتی: «ئەمە هەنگاوێکی تری مێژوویی سەرۆک دۆناڵد ترامپە تا هەلی پێشکەوتن و گەشە بە گەلی سووریا ببەخشێت.» ئەو هەروەها زیادی کرد: «هەڵگرتنی سزاکانی سووریا دەبێتە هۆی پەرەپێدانی بازرگانی و وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی، دەرفەتی دووبارە ئاوەدانکردنەوە بە سووریا دەدات و لاپەڕەیەکی نوێ بۆ خەڵکی ئەم وڵاتە هەڵدەداتەوە.»
ئەحمەد شەرع ئەم دواییانە لە کۆشکی سەرۆکایەتیی سووریا لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، هاوتا فەڕەنسییەکەی کۆ بووەوە و بەڵێنی یارمەتیدان بۆ ئاوەدانکردنەوەی سووریای لێ وەرگرت. ناوبراو لە پەراوێزی لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە لەگەڵ دۆناڵد ترامپ، سەرۆک‌کۆماری ئەمریکا چاوی بە یەکتر کەوت.
ترامپ دوای ئەم دیدارە گوتی: «پەیوەندییەکی زۆر باشم لەگەڵ ئەحمەد شەرع هەیە. ئەو کارێکی بێوێنەی ئەنجام داوە. توانیویەتی ئارامی بۆ وڵاتەکەی بگەڕێنێتەوە؛ کارێک هەرگیز ئاسان نەبوو.» ترامپ لە قسەکانیدا شەرعی بە “کەسێکی سەرسخت” وەسف کرد.
ئەحمەد شەرع پێش سەرۆکایەتی، سەرکردایەتیی هێزەکانی گرووپی ئیسلامیی “دەستەی تەحریری شام”ی دەکرد. ئەم گرووپە بەشار ئەسەد، سەرۆک و دیکتاتۆری دێرینی سووریایان لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ لە دەسەڵات لادا. ئەسەد دوای کۆنترۆڵکردنی دیمەشق لە سووریا ڕای کرد و پەنای بۆ ڕووسیا برد.
لەو کاتەوە شەرعی تەمەن ٤٣ ساڵ وەک سەرۆک‌کۆماری کاتیی سووریا کار دەکات. ئەو لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ لە گەشتێکیدا بۆ واشنتن، بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتیی دارایی حکوومەتی ئەمریکا و هەروەها هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا هەوڵی دا.

هەواڵی پەیوەندیدار

هەرێمی کوردستان و هەرێمی کەتەلۆنیا پەرە بە پەیوەندییە گەشتیارییەکان دەدەن

سەڵاح

هیومان ڕایتس وۆچ: ئیسرائیل لانیکەم هەشت هێرشی کردووەتە سەر کاروانی فریاگوزاری

یاسین

سوپای ئەمریکا دوو بنکەی حوسیانی دایە بەر هێرش

سەڵاح