موحسین پاکنژاد، وەزیری نەوتی ئێران، لە لێدوانێکی فەرمیدا ئەمڕۆ چوارشەممە، 15ـی تەممووزی 2026 ڕایگەیاند، هەناردەکردنی نەوتی ئێران بەپێی ئەو میکانیزمە یاسایی و کارگێڕییانەی کە پێشتر پەسەند کرابوون بەبێ هیچ وەستانێک بەردەوامە.
پاکنژاد جەختی لەوەش کردەوە، تاران سەرەڕای بوونی سزاکانی ئەمریکا لەسەر کەرتی وزە، بەردەوامە لە فرۆشتنی نەوتی خاوی خۆی لە بازاڕە جیهانییەکاندا.
وەزیری نەوت ئاماژەی بەوەشکرد، کۆماری ئیسلامی ئێران بڕیاری داوە کار بەو شێواز و ڕێکارە تایبەتانە بکات کە بۆ تێپەڕاندن و پووچەڵکردنەوەی سزاکانی ئەمریکا لە بازرگانی نەوتدا دایڕشتوون، بە تایبەت بەهۆی مێژووی پاشەکشەکردنی واشنتن لە بەڵێن و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان.
پاکنژاد باسی لەوەش کرد، تاران لە ماوەی پێشوودا سەرکەوتوو بووە لە گواستنەوەی بڕێکی زۆر لە نەوت بۆ دەرەوەی سنووری سزاکان، و تەواوی ئەو میکانیزمانەش کە لە ئێستادا بۆ فرۆشتنی نەوت جێبەجێ دەکرێن کاران و پرۆسەکە بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەچێت. ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن کە فشاری دارایی و گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر کەرتی وزەی ئێران زیاتر بووە و گرژییە ناوچەییەکانیش لە بەرزبوونەوەدان.

