zagros news agency

لە هەولێر فێستیڤاڵی نمایشکردنی کورتەفیلمی قوتابیانی بەڕێوەچوو

رۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٥ی ٧ی ٢٠٢٦، کاتژمێر ٦ی ئێوارە، لە پێناو پاڵپشتیکردنی بەهرەی گەنجان و خولقاندنی دەرفەت بۆ نمایشکردنی داهێنانی ئەکادیمی قوتابییان، فێستیڤاڵی نمایشکردنی (٥) کورتەفیلمی قوتابیانی بەشی سینەما و شانۆی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سەلاحەدین بەڕێوەچوو.

ئەم چالاکییە هونەرییە ناوازەیە لە ژێر چەتری زانکۆی سەلاحەدین و بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگای هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی سینەما و شانۆی هەولێر سازکرا. نمایشەکە لە ئیمپایەر سینەما لە فاملی مۆڵ بەڕێوەچوو.

رێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، پ.د. سەردار قادر، ڕاگری کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سەلاحەدین و ژمارەیەک لە فیلمسازان، دەرهێنەران، ئەکتەران و هۆگرانی سینەما بەڕێوەچوو.

ئەو کورتەفیلمە نمایشکراوانەی کە بەرهەمی ماندووبوونی خودی قوتابییان و بە سەرپەرشتی مامۆستایانی پسپۆڕی بەشەکە بوون، گوزارشتیان لە بابەتە جیاوازە کۆمەڵایەتی و مرۆییەکان دەکرد. فیلمەکان ئاستێکی بەرزی تەکنیکی و هونەرییان پێشان دا، ئەمەش گەواهیدەری سەرکەوتنی پڕۆسەی خوێندن و پێگەیاندنی نەوەیەکی نوێی لێهاتوو لە کادیرانی سینەماییە لە هەرێمی کوردستان.

کۆلێژی هونەرە جوانەکان سوپاس و پێزانینی تایبەتی خۆی ئاراستەی بەڕێزان پارێزگاری هەولێر، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی سینەما و شانۆی هەولێر دەکات، بۆ هاوکاری، پاڵپشتی بەردەوام و هەماهەنگی بێوێنەیان لە سەرکەوتنی ئەم فێستیڤاڵە و خزمەتکردنی لایەنی هونەری و ئەکادیمی لە پایتەخت.

هەواڵی پەیوەندیدار

داهاتی “Poor Things” لە سینەماکانی جیهاندا

ART

ڕێورەسمی ناساندنی پێنج کتێبی ژینگەی بەڕێوەچوو

ART

داهاتی “The Flash” لە سینەماکاندا

ART