لەسەر ڕاسپاردە و فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆسەی کڕینەوەی گەنمی جووتیاران لە سنووری پارێزگای هەولێر دەستپێدەکات و ئامادەکاریی تەواو بۆ ئاسانکاریکردن لە ڕێوشوێنەکان کراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٦/٧/٢١، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەر و بەرپرسی بەشەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتی، کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ نوێنەرانی “کۆمپانیای داس” ئەنجام دا. کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی میکانیزمەکانی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران و داڕشتنی پلانێک بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەبێ گرفت و بە شێوازێکی خێرا بەڕێوەبچێت.
بەگوێرەی بڕیاری کۆبوونەوەکە، بڕیارە بەیانی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٠٢٦/٧/٢٢، پرۆسەی کڕینەوەی گەنم بە فەرمی دەستپێبکات.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ئاگاداری سەرجەم جووتیارانی سنوورەکە دەکاتەوە، کە پێویستە پێشوەختە سەردانی بەش و بەڕێوەبەرایەتییە کشتوکاڵییەکانی سنووری ناوچەی خۆیان بکەن، بە مەبەستی وەرگرتنی “نووسراوی پشتگیری”، تاوەکو بتوانن بەبێ کێشە گەنمەکانیان ڕادەستی سایلۆ و بنکەکانی وەرگرتن بکەن.
ئەم هەنگاوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی گرنگیدانی بەردەوامی کابینەی نۆیەم دێت بە کەرتی کشتوکاڵ و دابینکردنی بازاڕ بۆ بەرهەمی ناوخۆیی، بە ئامانجی پاڵپشتیکردنی جووتیاران و پاراستنی ئاسایشی خۆراک لە هەرێمی کوردستان.

