بەهرە محەمەد
هەر لە سەرەتای شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران سەرکردایەتی کوردی زۆر بە ژیرانە ئەوەیان ئاشکرا کرد کە هەرێم بەشێک نیە لەو شەڕ و ئاژاوەو ئاڵۆزیەی ناوچەکە و بەهیچ شێوەیەک تێکەڵی ئەم ململانێ و شەڕە نابێت . سەرۆک بارزانی لە پەیامێکی فەرمیدا بۆ ڕای گشتی ئەوەی ئاشکرا کرد کە هەرێمی کوردستان و گەلی کورد دژی شەڕ و ئالۆزی ململانێی ئەو ناوچەیەیە و داواشیکرد کە دەبێت کێشەکان بە ڕێگەی ئاشتی و گفتوگۆ چارەسەر بکرێن ، وێڕای ئەمانەش نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم و نوێنەری ڕاستەقینەی پێگەی هەرێمی هەرێمی کوردستان لەکاتی شەڕی ناوچەکە لە ساڵی ڕابردوو تا ئەمڕۆش بە فەرمی ئەوەی بە جیهان و وڵاتان ڕاگەیاند گە هەرێمی کوردستان بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ شەڕ نیە و هەرێمی کوردستانیش نابێتە مەترسی بۆ سەر هیچ وڵاتێک بۆ هێرش و تێکدانی ئارامی ناوچەکەدا . داوایکرد لەجیاتی شەڕ و ململانێ و بەکارهێنانی هێزی سەربازی پەنا ببرێتە بەر ڕێگەی گفتوگۆ و ئاشتی بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان. بۆ چارەسەری و هێنانەدی ئاشتی لەناوچەکەدا سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و خودی نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم ئامادەیی نیشاندا تاکو ببێتە بەشێک لە چارەسەر و کۆتایهێنان بە شەڕەکان و پەنا بردن بۆ گفتوگۆ و چارەسەری ڕێگەی ئاشتی و لێک تێگەیشتن بۆ کۆتایی هێنان بە ململانێ و شەڕ و ئاڵۆزی ناوچەکەدا ، ئەگەرچی بەشێوەیەکی عەقلانی بڕواننە هەڵوێستی هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتی کوردی تاکو ئێستاش دەتوانین بلێین زۆر ژیرانە و بەرپرسیارانە مامەڵەیان لەگەڵ ئەم شەڕ و ئاڵۆزیەی ناوچەکەدا کردووە ئەگەرچی چەندین جار لەلایەن چەند گروپ و هێزی لە یاسا دەرچوو هەوڵ دراوە ئارامی و ئاسایشی هەرێم تێک بدرێت و بەردەوام هێرشی بێ بنەما کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان و چەندین کەسی سڤیل و هاوڵاتی شەهید و بریندار بوون و چەندین شوێنیش خاپوور کراون بەڵام سەرکردایەتی کوردی دانیان بەخۆدا گرتووە و هەوڵیانداوە هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت و دوور بێت لە ئاگری شەڕی ناوچەکەدا چونکە هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتی کورد لە هەرێم زیاتر لە هەموولایەکی تر و دەوڵەتی تر لە شەڕ تێدەگات و مانای ئاشتی دەزانێت لای هەموو وڵاتان و سەرکردە جیهانیەکانش ئەوە ڕوون بۆتەوە کە هەرێمی کوردستان بۆتە ناوەندێکی ئارام و پێکەوەژیان و ناوچەیەکی دوورە شەڕ ، باشترین بەڵگەش تۆم باراک نوێنەری ئەمریکا لەناوچەکەدا ئەوەی بە هەموو لایەک ڕاگەیاند کە هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی ئارام و پێگەیەکی بەهێزە بۆ ئارامی ناوچەکە، جگەلەمانەش لە زۆربەی وڵاتانی جیهان لە گرنگی پێگەی هەرێمی کوردستان تێگەیشتوون و دژی ئەوەشن کە هێرشی بکرێتە سەر و ئارامی هەرێم تێکبدرێت لەپێناو سەلامەتی و ئارامی هەرێمی کوردستان بەردەوام خودی سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ عێراق و وڵاتانی تر کە هەرێم پێگەکەی بە پارێزراوی بمێنێتەوە و دووربێت لە شەڕ و ئالۆزی ناوچەکە ئەوەشی بە هەموو لایەک ڕاگەیاندووە کە هەرێمی کوردستان نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر هیچ وڵاتێک و تێکدانی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە ، چونکە شەڕ لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێک نیە و لە سەردەمی ئەمڕۆشدا کێشەکان ناتوانرێت بە ڕێگەی شەڕ یەکلایی ببنەوە و کۆتاییەکەی هەر گفتوگۆ و ئاشتییە لەگەڵ یەکڕیزی و یەکتر قبوڵکردن.
بۆ کۆتایی هاتنی شەڕ و چارەسەریش خودی نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم چەندین جار لەسەر ئاستی باڵادا دەستپێشخەری و هەوڵی جددی دیبلۆماسی داوەو لە زۆر کۆبوونەوە و کۆنفرانسی باڵای جیهانیش ڕۆلی نێچیرڤان بارزانی بە گرنگ زانراوە ، ئێمەی کورد وەک نەتەوە و خاکی کورد وەک جوگرافیا بە بەراورد لەگەڵ دەوڵەتانی جیهانی زۆرترین قوربانی شەڕمان داوە و پشکی شێر لە کاولکاری و قوربانیدان بەر کورد کەوتووە لە ڕابردوودا. بۆیە ئێمە وەک کورد لە گرنگی ئاشتی و سەقامگیری و دووری شەڕ مانا دەزانین و بەردەوام هەوڵیانداوە دووربین لە شەڕ و ئاژاوەکانی ناوچەکە ، بەڵام زۆر جار ئەو ئارامیە و پێشکەوتنەی هەرێم کە ئەزموونێکی جوانی پیشانی وڵاتانی جیهانی دراوە بووە بە هۆکارێک تا کورد بخرێتە ناو ئاڵۆزی و لێکەوتەکان، بەڵام لە دنیای ئەمڕۆدا ئەو سەرکردایەتیەی کورد زۆر ژیرانە و بەرپرسیارانە مامەڵەیان لەگەڵ ڕووداوە نەخوازراوەکان کردووە بەردەوامە لە هەوڵی پاراستنی پێگەی هەرێمی کوردستان ، چونکە بوونی شەڕ بەرژەوەندی هیچ لایەنێک نیە ، لای هەموو وڵاتانیش ڕوونە کە بەردەوام کورد بووە بە فاکتەری ئاشتی لەنێوان وڵاتان ئەم پەلامارانەی سەر هەرێم بیانوی بێ بنەمان و مەبەست لێ تێکدانی ئارامی هەرێمە خۆشبەختانە هاوڵاتی و سەرکردە و لایەنەکانی کورد لەوە تێگەشتوون کە هەرگیز بەشێک نەبن لە شەڕ و ئاڵۆزی وڵاتان لەپێناو بەرژەوەندیەکانیان و کورد دووبارە نەبێتەوە بە قوربانی بەرژەوەندی هیچ لایەنێک.

