لیژنەی یاسایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، کۆبوونەوەیەکی تایبەتی بۆ تاوتوێکردنی چەند پڕۆژە و پێشنیازە یاسایەک ئەنجامدا، کە ئامانج لێیان نوێکردنەوەی سیستەمی یاسایی و گونجاندنیانە لەگەڵ دەستووری هەمیشەیی عێراق.
لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتیی د. ڕێبوار هادی، سەرۆکی لیژنەکە کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا باس لە هەموارکردنەوەی سێ یاسای گرنگ و هەڵوەشاندنەوەی چەند بڕیارێکی کۆن کرا.
ئەو یاسایانەی تاوتوێ کران بریتین لە:
یەکەم: هەموارکردنی یەکەمی یاسای چاودێری نەوجەوانان (رعایە القاصرین) ژمارە ٧٨ی ساڵی ١٩٨٠، بە مەبەستی پەرەپێدانی چوارچێوەی پاراستنی مافی نەوجەوانان.
دووەم: هەموارکردنی یاسای پارێزەرایەتی ژمارە ١٧٣ی ساڵی ١٩٦٥، کە یەکێکە لە یاسا کۆنەکان و پێویستی بە گونجاندن هەیە لەگەڵ قۆناغی ئێستادا.
سێیەم: هەموارکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ ژمارە ٢٨ی ساڵی ٢٠١٨، بۆ توندکردنی سزاکان و ڕێگریکردنی زیاتر لەو تاوانانە.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە هەڵوەشاندنەوەی ژمارەیەک بڕیاری “ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش”ی هەڵوەشاوە. لیژنەکە جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هەنگاوە بۆ پاککردنەوەی سیستەمی یاسایی عێراقە لەو بڕیارانەی کە لەگەڵ بنەماکانی دەستوور و دیموکراسیی ئێستای وڵاتدا یەکناگرنەوە.
ئەم کۆبوونەوەیەی لیژنەی یاسایی لەکاتێکدایە، پەرلەمانی عێراق هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی هەموارکردنەوەی یاسا کۆنەکان، ژینگەیەکی یاسایی هاوچەرخ بۆ دامەزراوەکانی دەوڵەت فەراهەم بکات.

