فەرمانگەی یاسایی لە سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گرێبەستەکان و خانووبەرەوە، بانگهێشتنامەیەکی ئاراستەی کۆمپانیا تایبەتمەندەکان کرد بۆ بەشداریکردن لە تەندەری پڕۆژەی دانان و لێکردنەوەی ئامێری بەرزکەرەوە (ئەسانسۆر) بۆ باڵەخانەی سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر.
بەپێی ئاگادارییەکە، ئەو کۆمپانیایانەی ئارەزووی بەشداریکردنیان هەیە، پێویستە ئۆفەرەکانیان بەپێی مەرجە گشتی و تایبەتییەکان ئامادە بکەن و لە زەرفێکی داخراو و مۆرکراودا ڕادەستی فەرمانگەی یاسایی بکەن.
گرنگترین مەرج و وردەکارییەکانی تەندەرەکە:
١. وادەی پێشکەشکردن: دوا مۆڵەت بۆ گەڕاندنەوەی تەندەرەکان، کاتژمێر ١٢:٠٠ی نیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ دیاری کراوە.
٢. بارمتەی یاسایی: پێویستە بڕی ٢٠,٧٠٠,٠٠٠ (بیست ملیۆن و حەوتسەد هەزار) دینار وەک بارمتەی یاسایی بەشێوەی چەکی پەسەندکراو پێشکەش بکرێت.
٣. بەڵگەنامە پێویستەکان: پێشکەشکردنی وێنەیەک لە مۆڵەتی فەرمی و پۆلێنی کۆمپانیا کە لەلایەن وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازییەوە نوێ کرابێتەوە، لەگەڵ بەڵگەی سەلمێنەر بۆ ئەنجامدانی کاری هاوشێوە لە ڕابردوودا.
٤. تایبەتمەندیی تەکنیکی: پێویستە کۆمپانیاکە جۆری براندی ئەو ئامێرە بەڕوونی دیاری بکات کە بڕیارە لە پڕۆژەکەدا بەکاری بهێنێت.
٥. ماوەی جێبەجێکردن: پڕۆژەکە بە دوو قۆناغ و لە ماوەی ٢٧٠ ڕۆژی تەقویمی جێبەجێ دەکرێت.
٦. تێچووی تەندەر: نرخی کڕینی وێنەیەک لە مەرجنامەی تەندەرەکە ١٠٠,٠٠٠ (سەد هەزار) دینارە، و خەرجیی بڵاوکردنەوەی ئاگادارییەکەش دەکەوێتە ئەستۆی ئەو کۆمپانیایەی تەندەرەکەی بۆ دەردەچێت.
لە ئاگادارییەکەدا جەخت کراوەتەوە کە حکومەت پابەند نییە بە وەرگرتنی نزمترین نرخ، بەڵکوو کوالێتی و پابەندبوون بە تایبەتمەندییەکان پێوەری سەرەکی دەبن بۆ دیاریکردنی کۆمپانیای براوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری

