ئەکتەری ئەمریکی سکۆت ئیستوود چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشی لەبارەی باوکی و ئەکتەر کەڤین کۆستنەر ئاشکرا کرد.
لە کاتی بەشداریکردنی لە پۆدکاستێکدا، سکۆت گوتی، لە کاتی وێنەگرتنی فیلمی “A Perfect World” لە 1993 باوکی بڕیاریدا کەڤین کۆستنەر بنێرێتەوە بۆ ماڵەوە. ئەم بڕیارە توندەی کلینت ئیستوود دوای ئەوە هات کە کۆستنەر ڕەتیکردەوە بێتە دەرەوە بۆ وێنەگرتنی دیمەنێک.
سکۆت ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کۆستنەر لەو سەردەمەدا سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێنابوو و باوەڕی زۆری بە خۆی هەبوو. کاتێک کلینت ئاگادارکرایەوە لە ڕەتکردنەوەکەی کۆستنەر، تەنیا گوتی، بڕۆن و بینێرنەوە بۆ ماڵەوە.
کۆستنەر سەرسام بوو کاتێک پێیان گوتبوو دیمەنەکە بەبێ ئەو وێنە دەگیرێت، بەڵام ڕۆژی دواتر بە ئاسایی گەڕایەوە بۆ کارەکەی.
فیلمی “A Perfect World” چیرۆکی زیندانییەکی هەڵهاتوو دەگێڕێتەوە کە مناڵێک دەڕفێنێت و دواتر پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوانیاندا دروست دەبێت.

