سبەی چوارشەممە، ١٢ی ئابی ٢٠٢٦، دیاردەیەکی دەگمەن و سەرنجڕاکێشی گەردونی لە ئاسمانی جیهاندا بەدیار دەکەوێت، ئەویش خۆرگیرانی تەواوە و لە چەندین وڵات بە شێوەی جیاواز دەبینرێت.
بەپێی زانیارییە گەردونییەکان، ڕێڕەوی ئەم خۆرگیرانە لە باکووری سیبیریاوە دەستپێدەکات و بەسەر هەریەکە لە وڵاتانی گرینلەند، ئیسلەندا و بەشێک لە ئیسپانیا و پورتوگالدا تێدەپەڕێت. لەو ناوچانەدا مانگ بە تەواوی ڕووی خۆر دەشارێتەوە و بۆ ماوەیەکی کورت ڕۆژ دەبێتە شەو و تاریکی ناوچەکە دادەگرێت.
هاوکات لە زۆربەی ناوچەکانی دیکەی جیهان، ئەم دیاردەیە بە شێوەی “خۆرگیرانی بەشێکی” دەبینرێت. ئەم ڕووداوە گەردونییە بۆ ئەستێرەناسان و زانایان بایەخێکی تایبەتی هەیە، چونکە دەرفەتێکی گرنگ دەڕەخسێنێت بۆ لێکۆڵینەوە لە بەرگی دەرەکی و هەڵسوکەوتی خۆر.
لەلایەکی دیکەوە، پسپۆڕانی تەندروستی و بواری گەردونناسی هۆشداریی دەدەنە هاوڵاتییان کە بە هیچ شێوەیەک بە چاوی ڕووت سەیری خۆر نەکەن، چونکە مەترسیی جدی بۆ سەر بینایی مرۆڤ هەیە، داواش دەکرێت بۆ بینینی ئەم دیاردەیە تەنها چاویلکەی تایبەت و ستاندارد بەکاربهێنرێت.

