ئەمڕۆ سێشەممە ١١ـی ٨ـی ٢٠٢٦، د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک، کۆڕێکی ڕۆشنبیری و میدیایی لەژێر ناونیشانی (پەیام و هاووڵاتیی میدیاکار) پێشکەشکرد.
کۆڕەکە لەلایەن (لیوای هەولێر)ـی سەر بە فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانییەوە ڕێکخرابوو، جێگەی بایەخ و سەرنجی ئامادەبووان بوو، تێیدا ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەفسەر، پلەدار و پێشمەرگەکانی زێرەڤانی،ئامادەبوون.
لەمیانەی کۆڕەکەدا، د. سالار عوسمان بە شیکردنەوەیەکی ورد و سەردەمیانە، تیشکی خستە سەر گرنگیی هەردوو چەمکی (پەیام و هاووڵاتیی میدیاکار)، لە گوتەکانیدا جەختی لەسەر پێویستیی هۆشیاریی میدیایی و نەتەوەیی کردەوە، بەتایبەت بۆ هێزەکانی پێشمەرگە وەک پارێزەری سەروەری و ئاسایشی کوردستان.
لە کۆتایی کۆڕەکەشدا، دەرگای پرسیار و گفتوگۆ کرایەوە و بەشداربووان بە سەرنج و تێبینییەکانیان بابەتەکەیان زیاتر دەوڵەمەند کرد.

