بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، لە ئەنجامی کەوتنەوەی ئاگر لە ماڵێکدا لە شارەدێی گوڵاڵە (جەلەولا) ، سێ منداڵ گیانیان لەدەستدا و دایکیشیان بە سەختی بریندار بوو.
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە ناوچەکە ڕایگەیاند: “ئاگرەکە بەهۆی لێچوونی غازەوە لە ناو ماڵەکەدا کەوتووەتەوە و بەهۆیەوە سێ منداڵی ناو خێزانەکە کە تەمەنیان جیاوازە، بەهۆی زۆری ڕێژەی دووکەڵ و بەهێزی ئاگرەکەوە، دەستبەجێ لە شوێنی ڕووداوەکە گیانیان لەدەستداوە.”
سەبارەت بە دۆخی تەندروستی دایکی منداڵەکان، سەرچاوە پزیشکییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ناوبراو بە زیندوویی لە ناو ئاگرەکە ڕزگارکراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ڕێژەی سووتانی جەستەی گەیشتووەتە ٨٠٪، باری تەندروستی گەلێک ناجێگیرە و لە ئێستادا لەژێر چاودێری چڕی پزیشکیدایە بۆ وەرگرتنی چارەسەر.
دوای ڕووداوەکە، تیمەکانی بەرگری شارستانی گەیشتنە شوێنەکە و توانیویانە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن، هاوکات تەرمی منداڵەکان گواستراونەتەوە بۆ پزیشکی دادوەری و لێکۆڵینەوەی وردیش لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە لەسەر چۆنیەتی ڕووداوەکە دەستیپێکردووە.

