مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، بە توندی سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و ڕایگەیاند، ئەم هێرشانە ئامانجیان لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە.
عەبدی لە پەیامێکدا کە لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “ئێکس” بڵاویکردووەتەوە، پشتیوانی و هاوسۆزیی تەواوی خۆی بۆ گەل و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی. فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئەو جۆرە هێرشانەی بە کردەوەیەکی “نائەخلاقی و قبوڵنەکراو” ناوزەد کرد.
لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، مەزڵووم عەبدی ئاماژەی بەوە دا کە ئەم پەلامارانە “پێشێلکارییەکی ڕاشکاوانەی ئیرادەی گەلی کوردستانن”. وتیشی: “ئامانج لەم هێرشانە تێکدانی سەقامگیری و لاوازکردنی پێگە و دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستانە.”
فەرماندەی گشتیی هەسەدە جەختی لە پێویستیی پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کردەوە و ڕایگەیاند، دامەزراوەکانی هەرێم بەشێکی گرنگ و دانەبڕاون لە دەوڵەتی عێراق و پاراستنی سەقامگیرییان ئەرکێکی سەرەکییە.

