وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە،20ـی ئابی 2026، دەستپێکردنی هەڵمەتی پایزەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە سەرانسەری وڵات ڕاگەیاند، هاوکات ئاشکرای کرد، تاوەکو 16ـی ئاب، 121 تووشبوو لە پارێزگای زیقار تۆمارکراون.
قوسەی حەتتاب، گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی کشتوکاڵ بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند “نەخۆشیی تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی بڵاوبووەوەیە و ساڵانێکە لە عێراقدا هەیە، بەڵام لەم دواییانەدا ئاماری تووشبوون زیادی کردووە، بەتایبەت لە پارێزگای زیقار کە تاوەکو 16ـی ئاب 121 تووشبووی تێدا تۆمارکراوە.” ئاماژەی بەوەش کرد کە هۆکاری ئەم زیادبوونە دەگەڕێتەوە بۆ هۆشیارنەبوون، سەربڕینی ئاژەڵ بە شێوەی زێدەڕۆیانە لە دەرەوەی سەربڕخانە فەرمییەکان، و پابەندنەبوون بە ڕێنماییەکانی فەرمانگەی ڤێتێرنەری.
ڕوونیشیکردەوە کە نەخۆشخانە ڤێتێرنەرییەکان لە هەموو پارێزگاکان خاوەن ڕۆڵێکی گەورەن و دەرمانی دژەحەشەرەی پێویست دەستەبەر دەکەن، هەروەها ڕۆژانە گەڕانی مەیدانیی بێبەرامبەر و تیمی بەردەوام هەن بۆ گەمارۆدان و بنبڕکردنی نەخۆشییەکە لە ڕێگەی دەرمانڕشتنی مانگا و گامێش و شوشتنی مەڕ و بزن بە دەرمانی (دێلتا مەسرین).
تەئکیدیشی کردەوە بەهۆی تۆمارکردنی بەرزترین ڕێژەی تووشبوون لە زیقار، هەڵمەتەکە کە بڕیاربوو لە 18ـی ئاب کۆتایی بێت، بۆ ماوەی 10 ڕۆژی دیکە لە پارێزگاکە درێژکراوەتەوە. وتەبێژەکە ڕوونیکردەوە کە ڤایرۆسەکە لە ڕێگەی گەنەی سەگە بەرەڵاکانەوە دەگوازرێتەوە و وەرزی چالاکبوونی لە مانگی نیسانەوە تا ئەیلوولە، و وەزارەتیش ساڵانە دوو هەڵمەتی بەهارە و پایزە بۆ ئەم مەبەستە جێبەجێ دەکات.
لە کۆتاییدا، وەزارەتی کشتوکاڵ داوای لە هاوڵاتییان کرد گۆشت لە شوێنی باوەڕپێکراو و مۆردار بکڕن، و دوای کڕینی، گۆشتەکە بۆ ماوەی زیاتر لە ٧ کاتژمێر لە پلەی ساردکەرەوەی ئاساییدا (نەک بەستن) بپارێزن پێش ئەوەی بیبەستێنن، چونکە ئەم ساردکردنەوەیە ماددە ترشەڵۆکییەکانی ناو گۆشتەکە کە ڤایرۆسەکە لەناو دەبەن، چالاک دەکات.

