zagros news agency

دەستپێکردنی قۆناغی هەشتەمی دابەشکردنی زەوی لە هەولێر؛ ١٣ هەزار پارچە زەوی دیکە دابەش دەکرێن

 

ئه‌مڕۆ پێنجشەممە، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا بەردەوامە و ئەمڕۆش قۆناغی هەشتەمی تیروپشک لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانیی هەولێر بە فەرمی دەستیپێکردووە کە تێیدا ١٣ هەزار پارچە زەوی دیکە بەسەر فەرمانبەرانی هەردوو راژەی مەدەنی و سەربازیدا دابەش دەکرێت. وەزیری شارەوانی ئاماژەی بەوە کرد کە لە حەوت قۆناغی ڕابردوودا ٤٢ هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکراوە و بە زیادکردنی قۆناغی هەشتەمیش کۆی گشتی ئەو فەرمانبەرانەی تاوەکو ئێستا لە سنووری شارەوانیی هەولێر سوودمەند بوون گەیشتووەتە ٥٥ هەزار فەرمانبەر.

هەروەها ساسان عەونی وردەکاری زیاتری خستەڕوو و باسی لەوە کرد کە کۆی گشتی ئەو فەرمانبەرانەی فەرمانی وەرگرتنی زەوییان بۆ دەرچووە نزیکەی ٨٢ هەزار فەرمانبەرن و تەنیا ٢٧ هەزار فەرمانبەر ماونەتەوە کە بڕیارە لە قۆناغەکانی داهاتوو و لە ماوەیەکی نزیکدا ئەوانیش زەوییەکانیان بەسەردا دابەش بکرێت. لە درێژەی قسەکانیدا وەزیری شارەوانی دڵنیایی دایە فەرمانبەران کە ڕێوشوێنە یاساییەکانی تایبەت بە تاپۆکردنی زەوییەکان بە زووترین کات کۆتاییان دێت تاوەکو خاوەن زەوییەکان بتوانن بە شێوەیەکی یاسایی و بێ کێشە سوود لە زەوییەکانیان وەربگرن.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا وەزیری شارەوانی بە ناوی خۆی و پارێزگاری هەولێر و سەرجەم فەرمانبەرانەوە سوپاسی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ بڕیاری دابەشکردنی زەوی و ئەم هەنگاوەی بە کارێکی زۆر گونجاو و باش بۆ خزمەتی فەرمانبەران وەسف کرد و لە هەمان کاتدا دەستخۆشی لە پارێزگار و هەموو فەرمانگە پەیوەندیدارەکان کرد کە بە شەونخونی کاریان کردووە بۆ ئەوەی فەرمانبەران بە زووترین کات لەم پرۆسەیە سوودمەند بن.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە ڕێورەسمەکەدا ڕایگەیاند: “پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە سنووری پارێزگای هەولێر بە زۆر بە باشی بەڕێوە دەچێت”. سوپاسی سەرۆکایەتی شارەوانی، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتوکاڵ و نەخشەدانانی ئاوەدانی کرد بۆ خێرا ڕاییکردنی ڕێکارەکان و ئامادەکردنی نەخشەی کەرتی بۆ زەوییەکان.

پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، دوای بڕیارەکەی سەرۆکی حکومەت، توانرا لە ماوەیەکی پێوانەیی و کورتدا ڕێکارە یاسایی و هونەرییەکان تەواو بکرێن. وتیشی: “بەناوی فەرمانبەرانی سنووری پارێزگاکەمان سوپاسی ڕێزدار مەسرور بارزانی دەکەین بۆ ئەم بڕیارە کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر باشکردنی ژیان و گوزەرانی فەرمانبەران دەبێت.”

سەبارەت بە گۆڕینی “کارت” بۆ “سەند”، ئومێد خۆشناو ئاشکرای کرد کە یەکەیەکی تایبەت بە چڕی کار لەسەر ئەو بابەتە دەکات، هاوکات داواشی لە فەرمانبەران کرد “پەلە نەکەن لە کڕین و فرۆشتنی زەوییەکانیان تاوەکو پڕۆسەی تاپۆکردنیان بە تەواوی کۆتایی دێت.”

بڕیاری پێدانی زەوی بە فەرمانبەران، دەگەڕێتەوە بۆ ٢٧ی ئاداری ٢٠٢٤، کاتێک ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، چەند بڕیارێکی گرنگی لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان و فەرمانبەران دا.

بەگوێرەی ئامارەکان، تاوەکو ئێستا لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر، ناوی (٨٢ هەزار) فەرمانبەر بۆ سوودمەندبوون لە زەوی تۆمارکراوە. بەم قۆناغەی ئەمڕۆشەوە، کۆی ئەو فەرمانبەرانەی لە هەشت قۆناغدا زەوییان وەرگرتووە گەیشتە (٥٥ هەزار) فەرمانبەر، بڕیاریشە لە داهاتوودا قۆناغەکانی دیکەی تیروپشک بۆ ئەو فەرمانبەرانەی ماون بەردەوام بێت.

May be an image of newsroom and text

May be an image of text

May be an image of text

هەواڵی پەیوەندیدار

رۆمانی “بۆرەی قاپلان”ـی عەزیز مەلای ڕەش چاپ كرایەوە

ART

ئەمڕۆ ساڵیادی بە پارێزگابوونی دهۆکە

یاسین

تورکیا؛ ترس و نیگەرانی لە دانانی کامێرای نهێنی لە هۆتێل و شوێنە گەشتیارییەکاندا

یاسین