zagros news agency

لە پورتوگال یاریزانێکی پێشوو بە 1.5 تۆن کۆکایینەوە دەستگیر کرا

 

بەرپرسانی پورتوگال ئۆرۆش میلۆسێڤیچ، یاریزانی پێشووی سڕبیایان بە تۆمەتی گواستنەوەی نزیکەی 1.5 تۆن کۆکایین و ژمارەیەک چەک لە رێگەی بارهەڵگرێکی بچووکەوە دەستگیر کرد. ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەمنییە بووە هۆی دەستبەسەرداگرتنی بڕە ماددەیەکی هۆشبەری زۆر کە بەهایان بە نزیکەی 70 ملیۆن یۆرۆ مەزەندە دەکرێت.

رۆژنامەی مارکا بڵاویکردەوە، ماددە هۆشبەرە دەستبەسەرداگیراوەکان سەر بە گرووپێکن بە ناوی کارتیلی بەڵقان کە لە پورتوگال و ئیسپانیا چالاکە. رۆژنامەکە روونیکردەوە، میلۆسێڤیچ ئەندامی شانەیەکی سەر بەو رێکخراوە بووە.

ئۆرۆش میلۆسێڤیچی تەمەن 37 ساڵ، پێش ئەوەی تێوەگلانی لە چالاکیی تاوانکاری کۆتایی بە ژیانی وەرزشی بێنێت، لە ریزەکانی چەند یانەیەکی سڕبیادا یاری کردووە، لەوانە چوکاریچکی، راکۆڤیکا، تیلیۆپتیک و سیندیلیچ بەلگراد.

سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان رایانگەیاند، میلۆسێڤیچ ئێستا لە ناوەندێکی دەستبەسەرکردنی سەر بە بارەگای پۆلیسی دادوەریی پورتوگال لە لیشبۆنە راگیراوە و چاوەڕێی تەواوکردنی لێکۆڵینەوە و رێکارە دادوەرییەکان دەکات.

دەستگیرکردنی ئەو یاریزانە پێشووە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی پۆلیسی دادوەریی پورتوگال و پۆلیسی نیشتمانیی ئیسپانیا بووە. ئەو ئۆپەراسیۆنەی هەفتەی رابردوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی شانەیەکی سەر بە کارتیلی بەڵقان بەڕێوەچوو، بووە هۆی دەستگیرکردنی دوو سڕبیی دیکە لە ئیسپانیا و دەستبەسەرداگرتنی کۆی گشتیی 3.7 تۆن ماددەی هۆشبەر.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆکی حکومەت: سوپاسی مامۆستایانی بەڕێز دەكەم كە هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی خزمەتكردنی گەل و وڵاتەكەمانن

یاسین

ئەردۆغان: پەکەکە لە وەرگرتنی پێشوانیی نێودەوڵەتی بە ئەنجام نەگەیشتووە

یاسین

نێچیرڤان بارزانی و فەرهاد ئەترووشی دۆخی سیاسی و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا تاوتوێ دەکەن

یاسین