zagros news agency

ئایا خواردنی ڤیتامین سی لە وەرزی زستاندا بۆ خۆپاراستن لە سەرما پێویستە؟

لەگەڵ نزیکبوونەوە لە وەرزی زستان، بانگەشە بۆ بەکارهێنانی بڕێکی زۆری ڤیتامین سی بەمەبەستی خۆپاراستن لە ئەنفلەوەنزا و سەرمابوون زیاد دەکات. دەرمانخانەکان ئەو جۆرە تەواوکەرە خۆراکییانە وەک رێگەیەک بۆ بەهێزکردنی بەرگریی لەش دەخەنە روو، بەڵام پێویستە ئەو بیرۆکەیە بەشێوەیەکی زانستی هەڵسەنگێندرێت.

باوەڕبوون بە سوودەکانی بڕی زۆری ڤیتامین سی پەیوەستە بە لینۆس پاولینگ، زانای ئەمریکی و براوەی دوو خەڵاتی نۆبڵ لە کیمیا و ئاشتیدا. پاولینگ ساڵی 1970 کتێبێکی لەبارەی ڤیتامین سی و سەرمابوون بڵاوکردەوە و تێیدا پێشنیاری کرد رۆژانە 1000 بۆ 2000 میلیگرام ڤیتامین سی بۆ پاراستنی تەندروستی وەربگیرێت.

پاولینگ پزیشک یان پسپۆڕی خۆراک و نەخۆشییە گوازراوەکان نەبووە، بەڵام کتێبەکەی بووە هۆی بەناوبانگبوونی تەواوکەرەکانی ڤیتامین سی. دەرەنجامی ئەو توێژینەوانەی پاولینگ پشتی پێ بەستبوون، دواتر رووبەڕووی رەخنە بوونەوە، ئەوەش بەهۆی هەبوونی کەموکوڕی لە شیکارییەکان و نزمبوونی کوالێتیی بەشێک لە تاقیکردنەوەکان.

بەڵگە زانستییەکان دەریدەخەن کاریگەریی ڤیتامین سی لەسەر سەرمابوون سنووردارە و هیچ بەڵگەیەک نییە بیسەلمێنێت تووشبوون بەو نەخۆشییە لای خەڵکی گشتی رێگری لێ دەکات. شیکارییەکی تێکرایی کە ساڵی 2023 بڵاوکراوەتەوە و ئەنجامی 10 تاقیکردنەوەی لەخۆگرتووە، 2,736 کەس لە پێگەیشتووان، منداڵان و وەرزشوانانی بەشداربوو خستووەتە روو کە رۆژانە لانیکەم 1000 میلیگرام ڤیتامین سیـیان وەرگرتووە.

توێژەران بۆیان دەرکەوتووە وەرگرتنی ڤیتامین سی پەیوەستە بە کەمبوونەوەی توندیی نیشانەکانی سەرمابوون بە نزیکەی 15%، بەڵام کاریگەرییەکەی لەسەر ماوەی مانەوەی نیشانەکان سنووردار بووە. شیکارییەکی دیکە ساڵی 2013 دەریخستووە وەرگرتنی نزیکەی 200 میلیگرام لە رۆژێکدا ژمارەی تووشبوون بە سەرمابوون لای خەڵکی گشتی کەم ناکاتەوە.

سوودێکی زیاتری ئەم ڤیتامینە لای هەندێک گرووپی وەک وەرزشوانان و سەربازان بەدی دەکرێت کە رووبەڕووی ماندووبوونی جەستەیی زۆر دەبنەوە. وەرگرتنی ڤیتامین سی لە کاتی دەرکەوتنی نیشانەکانیش بە سوودبەخش نابینرێت.

زۆربەی خەڵک پێویستیان بە بڕێکی کەم لە ڤیتامین سی هەیە کە لە رێگەی خۆراکەوە دەستەبەر دەکرێت. لە ئوسترالیا بڕی رۆژانەی پێشنیارکراو بۆ پێگەیشتووان 45 میلیگرامە، کە بە نیوەی پرتەقاڵێک یان بڕێکی کەم لە برۆکۆلی دەست دەکەوێت.

وەرگرتنی زیاتر لە 1000 میلیگرام بە شێوەیەکی بەردەوام رەنگە ببێتە هۆی کاریگەریی لاوەکی، وەک سکچوون، دڵتێکهەڵاتن، گرژبوونی گەدە و هەڵئاوسان. هەروەها رەنگە مەترسیی دروستبوونی بەردی گورچیلە لای هەندێک کەس زیاد بکات و لەگەڵ هەندێک دەرمانی دیکەش کارلێک بکات.

بەڵگە زانستییەکان پاڵپشتی ئەو بیرۆکەیە ناکەن کە بڕی زۆری ڤیتامین سی رێگری لە سەرمابوون دەکات. بۆ زۆربەی خەڵک، دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی لەش لە رێگەی سیستەمێکی خۆراکیی هاوسەنگ کە دەوڵەمەند بێت بە میوە و سەوزەوات بەسە.

هەواڵی پەیوەندیدار

پارێزگاری هەولێر، سڵاوی جەنابی ” سەرۆک بارزانی ” دەگەێنێتە سەرۆک هۆزەکان، پیاوانی ئاینی و کەسایەتییە دیارەکانی گەڤەرێ

یاسین

براد پیت لە بەشی دووەمی فیلمێکدا رۆڵ دەگێڕێت

ART

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەردەوامە لە بەرزبونەوە

سەڵاح