ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ئێران و ئیسرائیل چووەتە قۆناغێکی نوێی چاوەڕوانییەوە، دوای ئەوەی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریدا فشارە ئابوورییەکانی سەر تاران توندتر بکات. ترامپ هەڵمەتە ئابوورییەکەی بە “دابەزینی نۆرماندی” لە کاتی جەنگی جیهانی دووەم چواند، لە کاتێکدا ئیسرائیل ئامادەباشی سەربازیی خۆی بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بەرز دەکاتەوە.
سزاکانی ئەمریکا بە ئامانجی “کڕینی کات“
ڕۆژنامەی “جێروزالەم پۆست” لە زاری سەرچاوە ئەمنییەکانی ئیسرائیلەوە بڵاویکردەوە، کە دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریکا، ئەگەری فراوانبوونی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ ئێران لە مەودایەکی نزیکدا کەمبووەتەوە.
بەگوێرەی سەرچاوەکان، مەبەستی ترامپ لە سەپاندنی سزای ئابووری قورس، “کڕینی کاتە” تا دوای هەڵبژاردنە خولییەکانی ئەمریکا. ترامپ فشارە ئابوورییەکانی وەک وەرچەرخانێکی یەکلاکەرەوە ناوبرد، هاوشێوەی ئەو فشارانەی کە هاوپەیمانان لە جەنگی جیهانی دووەمدا دژی نازییەکان بەکاریان هێنا.
ئیسرائیل ئامادەکاری بۆ خراپترین سیناریۆ دەکات
سەرەڕای کەمبوونەوەی ئەگەری شەڕ لە ئێستادا، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە بەرزکردنەوەی ئامادەیی خۆی بۆ خراپترین سیناریۆ، کە ئەویش دەستپێکردنەوەی گورزە سەربازییەکانە دژی ئێران. ئەم ئامادەکارییانە بوارەکانی هەواڵگری، کڕینی چەک، بەرهەمهێنانی موشەکی بەرگری و پەرەپێدانی بانکی ئامانجەکان دەگرێتەوە، جگە لە بەهێزکردنی هێزی ئاسمانی بۆ ئۆپەراسیۆنی بەرگری و هێرشبەری.
بەرپرسە ئەمنییەکانی ئیسرائیل پێیان وایە کە سزاکان بەبێ جێبەجێکردنی توند و بڕیاری یەکلاکەرەوە لەلایەن واشنتۆنەوە، ناتوانن ئامانجە خوازراوەکە بپێکن، بەتایبەت لە ڕێگریگرتن لەو وڵاتانەی کە لە ڕێگەی نەوت و ئاڵوگۆڕی داراییەوە پشتیوانی تاران دەکەن.
ترس لە کەمیی تەقەمەنی و کێشەی بودجە
لەلایەکی دیکەوە، دامەزراوەی بەرگری ئیسرائیل نیگەرانە لەوەی کە دواکەوتنی بڕیارە حکومییەکان و پەسەندنەکردنی یاسای زیادکردنی بودجە، ببێتە ڕێگر لەبەردەم کڕینی خێرای تەقەمەنی و فڕۆکەی جەنگی نوێ. بڕیارە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەی نێوان سوپا و وەزارەتەکانی بەرگری و دارایی ئەنجام بدرێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی ئاماژەی بەوە کردووە کە “بنیامین نەتانیاهۆ” بەرپرسی یەکەمە لە بڕیاردان لەم دۆسیەیەدا و دەبێت پێش پشووەکانی کنێسەت، یاسای پێویست بۆ دابینکردنی بودجەی سەربازی دەربکات، ئەگەرنا لێکەوتەی ستراتیژی خراپی دەبێت.
هەڕەشەکانی تاران؛ بەکارهێنانی چەکی وێرانکەرتر
لە وەڵامی فشارەکانی ئەمریکادا، وتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران پەیامێکی توندی ئاراستەی ئەمریکا و ئیسرائیل کرد و ڕایگەیاند: “ئەگەر شەڕ دەستپێبکاتەوە، ئێران چەکی زۆر وێرانکەرتر بەکاردەهێنێت.”
وتەبێژەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو سەرە جەنگیانەی لە موشەکە نوێیەکانی ئێراندا بەکاردێن، زۆر بەهێزترن لەوانەی پێشتر بینراون و جەختی کردەوە کە “چەکەکانی ئێران لە هەموو ڕوویەکەوە جیاواز دەبن ئەگەر جەنگێکی دیکە هەڵگیرسێت.”
یۆرۆنیوز

