بۆ پشتگیریکردنی بەهرە نوێیەکان، سەندیکای هونەرمەندانی عێراق بۆ ماوەی چوار ڕۆژ “وۆرکشۆپی بەغدا بۆ ئامادەکردنی ئەکتەر”ـی بەڕێوەبرد. ئەم چالاکییە جەختی خستە سەر پێگەیاندن و ڕاهێنانی بەکرداری بۆ نزیکەی 50 بەشداربوو لە کوڕان و کچانی گەنجی ئارەزوومەندی بواری نواندن و ئەداکردن.
چالاکییەکە کۆمەڵێک مەشقی تەکنیکی و پراکتیکی لەخۆگرتبوو کە ئامانجیان بەرزکردنەوەی ئاستی ئەدای بەشداربوان بوو، لەوانە ڕاهێنانی چڕ لەسەر تەکنیکەکانی ئامادەکردنی ئەکتەر و بەکارهێنانی جەستە و دەنگ، بەشداربووان لە ڕێگەی دیالۆگی ڕاستەوخۆوە سوودیان لە ئەزموونی هونەرمەندانی وەک عەلی خەساف، دەرهێنەر سامر حیکمەت و ئەکتەر ئەیناس تالیب وەرگرت، هەروەها دروستکردنی کەشێک بۆ ئەزموونکردن و فێربوونی بەکرداری بە مەبەستی ئامادەکردنیان بۆ بەشداری لە کارە هونەرییەکاندا.
لە ڕۆژی چوارەم و کۆتاییدا، بڕوانامەی بەشداری بەخشرا بە ڕاهێنراوان.
ئامادەبووان و بەشداربووانی وۆرکشۆپەکە دەستپێشخەرییەکەیان بە هەلێکی گرنگ زانی بۆ پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ شارەزایانی بواری نواندن و جەختیان لەسەر گرنگی بەردەوامیی ئەم جۆرە مەشقە جەستەیی و ئەکادیمییانە کردەوە.

