zagros news agency

لە عێراق زیاتر لە 10 هەزار مێگاوات کارەبا بەهەدەر دراوە

 

لێژنەی کارەبا و وزەی پەرلەمان ڕایگەیاند، هەفتەی داهاتوو عەلی وەهیب، وەزیری کارەبا و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای وەزارەتەکەی بانگهێشتی پەرلەمان دەکەن، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پلانی ستراتیژیی وەزارەتەکە و ئامادەکارییەکانی ساڵی 2027، و تیشکخستنە سەر کێشەی بەفیڕۆچوون و پەککەوتنی وزەی کارەبا.
لەوبارەیەوە نوورا جەحیشی، ئەندامی لێژنەکە، بە شەفەق نیوزی ڕاگەیاند، وەزارەتی کارەبا 22 هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، بەڵام تەنیا نزیکەی 10 هەزار مێگاوات دەگاتە دەست هاووڵاتییان و زیاتر لە 10 هەزار مێگاواتی تریش لە تۆڕەکانی دابەشکردندا بەفیڕۆ دەچێت، کە ئەم دۆخە بە دەستبەرداربوون لە سامانی گشتی و دەروازەیەکی گەندەڵی دەبینێت.
جەحیشی ئاماژەی بەوەش کرد کە بەفیڕۆچوونی کارەبا زیاتر لە کەرتی دابەشکردندایە، چونکە بڕێکی زۆر لەو وزەیە بۆ کۆمەڵگە نیشتەجێبوونە نایاساییەکان، مۆڵ، کارگە و کۆمپانیاکان دەچێت و بە لای ئەوەوە ئەمە بەفیڕۆدانی سامانی گشتی و وزەی کارەبایە.
هاوکات ناوەندی ئیکۆ عێراق، کە تایبەتە بە کاروباری ئابووری، ئاشکرای کردووە کە نزیکەی 55%ـی ئەو وزەی کارەبایەی لە عێراق بەرهەم دەهێنرێت، بەهۆی سەرپێچی لەسەر تۆڕەکان و بەستنی نایاساییەوە لەدەست دەچێت.
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی هەفتەکانی ڕابردوودا، لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما، کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق کەمی کردووە و لە هەندێک ناوچەشدا کارەبا بەتەواوی بڕاوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات

یاسین

Honor تایبەتمەندیەکی نوێی بەردەستکرد

یاسین

دەست بەسەر چوار تۆن زێڕ و زیوی ساختەدا گیرا

سەڵاح