ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند کە هێزەکانی وڵاتەکەی لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ١٦ ئامانجی جیاوازیان لە ناوخۆی خاکی ڕووسیا پێکاوە، کە چەندین دامەزراوەی نەوتی و ناوەندی لۆجیستی گرنگیان تێدابووە.
زێلێنسکی ئاماژەی بەوەش کرد کە هێرشەکان بنکە ئاسمانییەکان، یەکەیەکی موشەکی، دامەزراوە سەربازییەکان و ئەو ژێرخانانەیان کردووەتە ئامانج کە مۆسکۆ بۆ ئەنجامدانی هێرشەکانی دژی ئۆکرانیا بەکاریان دەهێنێت. هەرچەندە سەرۆکی ئۆکرانیا شوێنی وردی ئامانجەکانی ئاشکرا نەکرد، بەڵام لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “ئێکس” نووسیویەتی: “دەبێت جەنگ بگەڕێتەوە بۆ ئەو شوێنەی لێیەوە دەستی پێکردووە.”
لەلایەکی دیکەوە، ئیدارەی ڕووسیا لە وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا (کە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ڕووسیادایە) ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشێکی درۆنی ئۆکرانیاوە بۆ سەر وێستگەکە، دوو کارمەند بریندار بوون.
بەپێی زانیارییەکانی ئیدارەی وێستگەکە، هێرشەکە لە نزیک دامەزراوە هایدرۆلیکییەکان ڕوویداوە و دوو کرێکاری چاککردنەوە و بونیادنان بریندار بوون، بەڵام تا ئێستا هیچ وردەکارییەک لەبارەی قەبارەی زیانە ماددییەکان بڵاونەکراوەتەوە.
ئەم پەرەسەندنە نوێیانە لەکاتێکدایە کە شەڕی نێوان هەردوو وڵات چووەتە قۆناغێکی نوێوە و ئۆکرانیا زیاتر لە جاران قوڵایی خاکی ڕووسیا و دامەزراوە ستراتیژییەکانی دەکاتە ئامانج.

