وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە گشتاندنێکی فەرمیدا بۆ سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە حکومی و تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان، ساڵنامەی خوێندنی بۆ ساڵی ئەکادیمیی (٢٠٢٦-٢٠٢٧) دیاریکرد؛ بەپێی نوسراوەکە، ساڵی نوێی خوێندن لە ٢٠٢٦/٩/١ دەستپێدەکات و لە ٢٠٢٧/٦/٣٠ کۆتایی دێت.
گرنگترین خاڵ و مەرجەکانی ساڵنامەی خوێندن:
سیستەمی ساڵانە و وەرزی: ماوەی خوێندنی ساڵانە نابێت لە ٣٠ هەفتە کەمتر بێت.
سیستەمی وەرزی: پێویستە ماوەی خوێندن بۆ هەر وەرزێک لە ١٥ هەفتە کەمتر نەبێت (بەبێ هەژمارکردنی ڕۆژانی پشوو و تاقیکردنەوەکان).
سیستەمی پڕۆسەی بۆلۆنیا: ماوەی هەر وەرزێکی خوێندن دەبێت لانیکەم ٢٠ هەفتە بێت، بە شێوەیەک لایەنی کەم ١٤ هەفتەی بۆ پرۆسەی خوێندن تەرخان بکرێت و هەفتەکانی دیکە بۆ خۆتۆمارکردن و تاقیکردنەوەکان بێت.
سیستەمی سێ وەرزی: ماوەی هەر وەرزێکی خوێندن دەبێت بەلایەنی کەمەوە ١٣ هەفتە بێت، کە لانیکەم ١٠ هەفتەی بۆ خوێندن و هەفتەکانی دیکە بۆ خۆتۆمارکردن و ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان تەرخان دەکرێت.
تاقیکردنەوەکانی سیستەمی بۆلۆنیا: لەو زانکۆ و پەیمانگانەی پڕۆسەی بۆلۆنیا پەیڕەو دەکەن، خوێندکار/قوتابی لە ماوەی یەک ساڵی ئەکادیمی خوێندندا تەنها بۆی هەیە دوو هەوڵی تاقیکردنەوەی کۆتایی ئەنجام بدات.


