بانکی ناوەندیی عێراق بە فەرمی بڕیاریدا پشکی دۆلاری نەختینەیی بۆ هەر گەشتیارێک لە ٢,٠٠٠ دۆلارەوە بۆ ٣,٠٠٠ دۆلار بۆ هەر گەشتێک زیاد بکات.
ئەم بڕیارە دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابووری هات و تیایدا ڕەزامەندی لەسەر پێشنیازی بانکی ناوەندی درا بە مەبەستی کارئاسانی بۆ هاووڵاتیان و دابینکردنی پێویستیی دارایی گەشتیاران بە نرخی فەرمی.
بەپێی ڕێنماییە نوێیەکان، پشکی نوێی دۆلار لە ڕۆژی سێشەممەوە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە. هەروەها بڕیار دراوە کە گەشتیاران دەتوانن دوو مانگ جارێک (زۆرترین کات ٦ جار لە ساڵێکدا) داوای وەرگرتنی ئەم پشکە بکەن.
ئەم هەنگاوەی حکومەت و بانکی ناوەندی بە ئامانجی کۆنتڕۆڵکردنی زیاتری نرخی دراو لە بازاڕەکان، کەمکردنەوەی جیاوازی نێوان نرخی فەرمی و نرخی بازاڕی ڕەش، و دابینکردنی پێداویستیی ئەو هاووڵاتیانەیە کە بۆ مەبەستی گەشتوگوزار یان چارەسەری پزیشکی سەردانی دەرەوەی وڵات دەکەن.

