کیم جونگ ئون، ڕێبەری کۆریای باکوور، لە هەنگاوێکی لەناکاودا وەزیری بەرگریی وڵاتەکەی لە کار لادا و چەند بەرپرسێکی باڵای سەربازیی لە پۆستی نوێدا دانا. ئەم گۆڕانکارییانە کەمێک پاش کۆتاییهاتنی مانۆڕی هاوبەشی ئەمریکا و کۆریای باشوور ئەنجام دەدرێن.
میدیای دەوڵەتیی کۆریای باکوور ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی ئاب (٨ی خەرمانان) ڕایگەیاند وەزیری بەرگریی ئەم وڵاتە لە چوارچێوەی گۆڕانکاری لە سەرکردایەتیی سەربازیی وڵاتەکە لە کار لادراوە.
بە گوتەی ئاژانسی هەواڵی نێوەندیی کۆریا (KCNA)، “پلانەکانی ڕێکخستنەوەی پێکهاتەیی” لە کۆبوونەوەیەک بە سەرۆکایەتیی کیم جونگ ئون، ڕێبەری کۆریای باکوور لە ڕۆژی شەممە پەسەند کران.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەم میدیا دەوڵەتییە، نو کوانگ چۆل نەک تەنها لە پۆستی وەزارەتی بەرگری لە کار لادرا، بەڵکوو پێگەکەی لە سەرکردایەتیی حیزبی دەسەڵاتدار دابەزی و وەک “جێگری یەکەمی بەڕێوەبەری فەرمانگەی پیشەسازیی تەقەمەنی” دەستنیشان کرا.
هەروەها کیم سۆنگ گی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی گشتیی سیاسیی سوپای گەلی کۆریا، وەک وەزیری بەرگریی نوێ دەستنیشان کرا. پاک جونگ چون، ڕاوێژکاری بەرگری، وەک جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی نێوەندیی سەربازی دەستنیشان کرا و بووە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حیزبی دەسەڵاتدار.
ئاژانسی دەوڵەتیی کۆریای باکوور لە ڕاپۆرتێکی جیاوازدا ڕایگەیاند کیم جونگ ئون لە ڕێوڕەسمێکدا، وێڕای دەستخۆشی لە زانایان، توێژەران و بەرپرسانی حکوومەت لەبەر پێشکەوتنەکانیان لە بواری تەکنەلۆژیای بەرگریدا، باڵاترین نیشانی نیشتمانیی پێ بەخشین. ئەم میدیایە ڕایگەیاند خەڵاتکراوان بەشدارییەکی گەورەیان لە “چارەسەرکردنی پرسە زانستی و تەکنەلۆژییە مێژووسازەکان لە پەرەپێدانی سیستمە نوێکانی چەکی جەنگیدا” هەبووە، بەڵام ئاماژە بە جۆری چەکەکان نەکراوە.
ڕێبەری کۆریای باکوور کۆتایی حوزەیرانی ڕابردوو سەرپەرشتیی تاقیکردنەوەی سیستمێکی نوێی مووشەکهاوێژی فرەجەمسەری بە مەودای فراوانکراو کردبوو.
ئەم گۆڕانکارییانە کەمێک پاش کۆتاییهاتنی مانۆڕە هاوبەشە ساڵانەکانی کۆریای باشوور و ئەمریکا ئەنجام دران. پیۆنگ یانگ ئەم مانۆڕانە وەک ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر خاکەکەی دەبینێت. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا وێڕای ڕەخنەگرتن لە سروشتی “ئیستفزازئامێز”ی ئەم مانۆڕانە، سێئولیشی بەهۆی پشتگیری نەکردنی لە شەڕی ئەمریکا دژ بە ئێران ڕووبەڕووی ڕەخنە کردەوە. سەرۆککۆماری ئەمریکا ستایشی ڕێبەری کۆریای باکووریشی کرد و بەپێی ڕاپۆرتەکان، بەدوای کۆبوونەوەیەکی نوێوەیە لەگەڵ ناوبراودا. سەرەڕای ئەمەش، پیۆنگ یانگ هیچ ئارەزوویەکی بۆ وەڵامدانەوەی بەرانبەر پێشان نەداوە و بەردەوامیی بە تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی داوە و گرێبەستە چەکوچۆڵییەکانی نێوان واشنتۆن و سێئولیشی مەحکووم کردووە.

