zagros news agency

کێبڵی ئاسمانی جێگەی مووشەکە تەقلیدییەکان دەگرێتەوە

 

دوای تێپەڕبوونی چەند دەیەیەک لە خەونبینین، بیرۆکەی دروستکردنی “ئاسانسۆری بۆشایی ئاسمان” لەوەی پێشتر پێشبینی دەکرا نزیکتر بووەتەوە لە راستی. دۆزینەوەی ماددەیەکی نوێی خاوەن هێزی نایاب و کێشێکی سووک، وایکردووە ئەم پڕۆژەیە ببێتە باشترین بژاردە بۆ دروستکردنی ئەو کێبڵەی زەوی بە بۆشایی ئاسمانەوە دەبەستێتەوە و شۆڕشێک لە گەشتە ئاسمانییەکاندا بەرپا بکات.

 

بیرۆکەکە بەستنەوەی کێبڵێکی زەبەلاحە لە خاڵێک لەسەر هێڵی کەمەرەیی زەوی بۆ ئەوبەری خولگەی جێگیر، کە ئەو شوێنەیە مانگە دەستکردەکان تێیدا لە ئاست زەویدا جێگیر دەبن. لە کۆتایی کێبڵەکەدا تەنێکی قورس لە بۆشایی ئاسماندا دادەنرێت بۆ ئەوەی بەهۆی هێزی کێشکردنی خولگەییەوە کێبڵەکە بە رێکی بمێنێتەوە و نەکەوێتە سەر زەوی. ئۆتۆمبێلەکان بە درێژایی ئەم کێبڵە هەڵدەکشێن و وەک ئاسانسۆرێک بۆ گواستنەوەی کەلوپەل و مرۆڤ بۆ بۆشایی ئاسمان بە تێچوویەکی کەمتر و سەلامەتییەکی زیاتر بەکاردێن.

 

پیت سوان، سەرۆکی یەکێتیی نێودەوڵەتیی ئاسانسۆری بۆشایی ئاسمان رایگەیاند، جوانییەکەی لەوەدایە کە بە کارەبا بەرز دەکرێتەوە و بەرگەهەوا لە پیسبوون دەپارێزێت، پاشماوەشی لێ ناکەوێتەوە. ئەمە رۆتینێکی رۆژانە، هەرزان و سەلامەتە و دەبێتە پردێک بۆ بۆشایی ئاسمان.

 

گەورەترین ئاستەنگ لە بەدیهێنانی ئەم پڕۆژەیەدا دۆزینەوەی ماددەیەک بوو کە توانای هەڵگرتنی کێشی خۆی و باری گواستراوەی هەبێت. زانایان ماددەی “گرافینی فرە بلووری”یان دۆزیوەتەوە کە پێشتر لە پیشەسازیی ئەلیکترۆنیدا بەکارهاتووە. ئەم ماددەیە 100 هێندە لە پۆڵا بەهێزترە و ئەوەندەش سووکە، چینی تەنکەی لێی دەتوانێت فیشەکێک بوەستێنێت. سوان روونیکردەوە، ماددەی گونجاویان دۆزیوەتەوە، چونکە گرافینی فرە بلووری ئەوەندە بەهێزە تەنانەت جلی دژە فیشەکیشی لێ دروست دەکرێت.

 

شێوازی کارکردنی کێبڵەکە بەو جۆرەیە کە درێژییەکەی دەگاتە 100 هەزار کیلۆمەتر، واتە 2.5 هێندەی سووڕی زەوی، پانییەکەی یەک مەتر دەبێت و ئەستوورییەکەشی تەنیا ئەندازەی گەردیلەیەک دەبێت. هەرچەندە لە زەوییەوە بە سەختی دەبینرێت، بەڵام هەندێکجار تیشکی خۆر دەداتەوە و وەک خێتێکی تەنک و بریقەدار لە ئاسماندا دەردەکەوێت. گەشتەکە بۆ خولگەی جێگیر لە ئاستی 35 هەزار کیلۆمەتر لەسەر زەوی نزیکەی دوو هەفتەی پێ دەچێت. دوای ئەوە، هێزی خولانەوەی زەوی ئۆتۆمبێلەکان بەرەو پێشەوە دەبات و رێگەیان پێ دەدات تەنیا لە 14 کاتژمێردا بگەنە مانگ و گەیشتن بە مەریخیش بۆ 61 تا 120 رۆژ کەم دەکاتەوە.

 

نیگەرانیی سەرەکیی زانایان ئەوەیە پاشماوەی بۆشایی ئاسمان بەر کێبڵەکە بکەوێت و بیبڕێت، بۆیە پێشنیاری بەکارهێنانی پێنج کێبڵی یەدەگ و دروستکردنی ناوچەی قەدەغەکراو لە دەوروبەری ئاسانسۆرەکە دەکەن. شارەزایان مەزەندە دەکەن دروستکردنی ئەم پڕۆژەیە یەک یان دوو دەیەی پێ بچێت و تێچووەکەشی 15 ملیار دۆلار بێت، کە لە تێچووی بەرنامە ئاسمانییەکانی ئێستا کەمترە. ئەم ئاسانسۆرە دەتوانێت ساڵانە 30 هەزار تۆن کەلوپەل بۆ بۆشایی ئاسمان بگوازێتەوە، کە لە کۆی کێشی سەرجەم ئەو شتانە زیاترە کە لە 1957ـەوە بۆ بۆشایی ئاسمان نێردراون.

هەواڵی پەیوەندیدار

ترەمپ و سوڵتانی عومان دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێرانیان تاوتوێ دەکەن

یاسین

نرخی ئەمڕۆی زێڕ و دراوەكان

سەڵاح

ئەمریکا: پڕۆژەی ئاشتیی غەزە چووە قۆناغی دووەمەوە

سەڵاح