zagros news agency

بەغدا هەڵمەتی لادانی زێدەڕۆییەکان توندتر دەکات 

 

سێشەممە، 1-9-2026، ئەمینداریەتیی بەغدا دووپاتیکردەوە، لابردنی سەرپێچییە نیشتەجێبوونەکان لەسەر بنەمای بڕیاری دادگا دەبێت. هاوکات جەختیکردەوە، لەکاتی جێبەجێکردنی ئەو رێکارانەدا هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی ئەمینداریەتیی بەغدا و هێزە ئەمنییەکانی سنوورەکەدا هەیە.

 

عەدی جەندیل، گوتەبێژی ئەمینداریەتیی بەغدا بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)ی رایگەیاند، ئەمینداریەتییەکە فەرمانێکی دادوەریی بۆ لابردنی خانوویەک پێگەیشتووە کە بە سەرپێچی لەسەر موڵکێکی تایبەت دروست کراوە. ئەو خانووە دەکەوێتە ناو پارچە زەوییەک کە پێشتر بەسەر ئەندامانی فیرقەی تایبەت لە ناوچەی دەورە دابەش کراوە و ناوچەکەش گۆڕانکاری لە دابەشکردن و دروستکردنی چەندین خانووی لەسەر رێگاکانی بەخۆوە بینیوە.

 

جەندیل ئاشکرایکرد، بەشی سەرپێچییەکان بە پشتیوانیی پۆلیسی ئەمینداریەتیی بەغدا ئاگادارکردنەوەی ئاراستەی خاوەن خانووەکان کردووە، ئەوەش یان لە رێگەی بڵندگۆ یان بەشێوەیەکی راستەوخۆ بووە و داوایان لێکراوە بە ویستی خۆیان سەرپێچییەکە لادەن، بەڵام خاوەن خانووەکان وەڵامی ئاگادارکردنەوەکانیان نەداوەتەوە.

 

لەبارەی سیاسەتی کارکردنیان، جەندیل روونیکردەوە، ئەمینداریەتیی بەغدا هیچ سەرپێچییەکی نیشتەجێبوون بەبێ بڕیاری دادگا لانا‌بات. لە ئەگەری دەرچوونی فەرمانی دادوەریش، ئەمینداریەتییەکە پابەند دەبێت بە جێبەجێکردنی، بەڵام لە حاڵەتە ئاساییەکاندا سەرپێچییەکان لانا‌بات.

 

گوتەبێژەکەی ئەمینداریەتیی بەغدا هەبوونی هەماهەنگییەکی تەواوی لەگەڵ هێزی کۆنترۆڵکەری زەوییەکە و پۆلیسی ئەمینداریەتیی بەغدا پشتڕاستکردەوە کە لەکاتی جێبەجێکردنی رێکارەکەدا ئامادە بوون. جەندیل ئاماژەی بەوەش کرد، ئۆپەراسیۆنەکانی لابردنی سەرپێچی و جێبەجێکردنی فەرمانە دادوەرییەکان پێویستیان بە پشتیوانیی ئەمنی هەیە، چونکە ئەو فەرمانبەرانەی رێکارەکان جێبەجێ دەکەن سڤیلن و چەکیان پێنەبووە.

 

لە کۆتاییدا جەندیل جەختیکردەوە، ئەمینداریەتییەکە رێکارەکانی توندتر دەکات و پێداگری لەسەر لابردنی سەرجەم ئەو سەرپێچییانە دەکات کە فەرمانی دادوەرییان لەسەرە، ئەوەش بە ئامانجی سەپاندنی دەسەڵاتی یاسا لەناو پایتەخت، رێکخستنی شارەکە و کەمکردنەوەی هەڕەمەکیبوون.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم: ژەنەراڵ سەید مەجید خاتەمی کوژرا

سەڵاح

بە سەرپەرشتى پارێزگار، کۆبوونەوەى لیژنەی ئەمنی هەڵبژاردنى پارێزگای هەولێر ئەنجامدرا

سەڵاح

ئەمریکا هۆشداریی دەداتە عێراق

یاسین