zagros news agency

ترەمپ دەیەوێت پێش کۆتایی ٢٠٢٦ لەگەڵ کیم جۆنگ ئون کۆببێتەوە بەڵام بەبێ مەرج

 

کۆشکی سپی ئاشکرای کرد کە دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئامادەیە بۆ جارێکی دیکە و بەبێ هیچ مەرجێکی پێشوەختە لەگەڵ کیم جۆنگ ئون، ڕێبەری کۆریای باکوور کۆببێتەوە، بە ئامانجی بەردەوامیدان بە هەوڵەکانی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی (کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت) لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی “یونھاپ”ی کۆریای باشوور ڕایگەیاند: “کۆبوونەوەکانی ڕابردووی نێوان تڕەمپ و کیم جۆنگ ئون لە نیمچە دوورگەی کۆریا، دەسکەوتی گرنگیان هەبووە و بوونەتە مایەی بەدیهێنانی سەقامگیریی زیاتر لە ناوچەکەدا.”

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کردووە، تڕەمپ لە میانی خولی یەکەمی سەرۆکایەتیدا سێ جار لەگەڵ ڕێبەری کۆریای باکوور کۆبووەتەوە و ئێستاش هیچ ڕێگرییەک نییە بۆ ئەنجامدانی دیدارێکی نوێ، بەبێ ئەوەی لایەنی ئەمریکی مەرجی پێشوەختە بسەپێنێت.

ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد تڕەمپ لە ١٩ی ئابی ڕابردوودا جەختی لەسەر هەبوونی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ کیم جۆنگ ئون کردبووەوە و ئاماژەی بەوە دابوو، ئەگەری زۆر هەیە پێش کۆتایی هاتنی ئەمساڵ (٢٠٢٦)، لووتکەیەکی دیکە لە نێوانیاندا بەڕێوە بچێت.

چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ئەم هەنگاوەی کۆشکی سپی ئاماژەیە بۆ دەسپێکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نیمچە دوورگەی کۆریا و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی نوێ بۆ پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان واشنتۆن و پیۆنگ یانگ.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئامۆزایەکی بەشار ئەسەد دەستگیر کرا

سەڵاح

ئەندامێکی لیژنەی نەزاهە هەڵمەتی دەستگیرکردنی گەندەڵکاران بەردەوامە

سەڵاح

لە سلێمانی فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی مۆبایل سازدەکرێت

ART