ڤلادیمیر پوتین، سەرۆککۆماری ڕووسیا، هەنگاوەکانی حکوومەتی ئەڵمانیای لە وەڵامی هێرشە ناکامەکەی سەر فڕۆکەخانەی لایپزیگ/هالەدا بە توندی شەرمەزار کرد و ڕێکارە سزایییەکانی بەرلینی بە «هەڵەیەکی گەورە» ناو برد.
حکوومەتی ئەڵمانیا ڕووسیا بە بەرپرسیاری ڕووداوە درۆنییەکەی ٤ی ئاب لە فڕۆکەخانەی ناوبراو دەزانێت. ئەلێکساندەر دۆبرینت، وەزیری نێوخۆی ئەڵمانیا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ یۆهان وادفول، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی گوتی دۆزینەوەکانی دەزگا تەناهییەکانی ئەڵمانیا و زانیارییە وەرگیراوەکان لە هاوبەشە ئەورووپاییەکانەوە بە ڕوونی دەستتێوەردانی ڕووسیا دەسەلمێنن. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد لە شوێنی ڕووداوەکەدا جۆرێک لە پێکهاتەی درۆنی و ماددەی تەقینەوە دۆزراوەتەوە لە هێرشەکانی تێکەڵاوەکانی دیکەی ڕووسیا و شەڕی ئەم وڵاتە دژ بە ئۆکراینادا بینراون.
پوتین لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە بیشکەکی پایتەختی قرغیزستان، تۆمەتەکانی ڕەت کردەوە و لە حکوومەتی فریدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیای پرسی: «بەڵگەکان لەکوێن؟» هەروەها حکوومەتی ئەڵمانیای تۆمەتبار کرد لە پێشوازیی هەڵبژاردندا ئەم پرسە بۆ ئامانجی سیاسیی ناوخۆیی بەکار دەهێنێت. باڵیۆزی ڕووسیا لە بەرلینیش تۆمەتەکانی بە «پووچ» ناو برد.
پوتین سەبارەت بە بەرەکانی شەڕیش ئیدیعای کرد هێزەکانی ڕووسیا بە خێرایی لە پێشڕەویدان و لە ناوچەی دۆنێتسک چەندین کیلۆمەتر بەرەو پێش چوون. ناوبراو گوتی وڵاتەکەی لە شەڕدا سەر دەکەوێت و لەبەر ئەمەش لەگەڵ سەرکردایەتیی ئێستای ئۆکراینادا دانوستان ناکات. لە هەمان کاتدا پوتین دانی بەوەدا نا هەندێک هێرشی ئۆکراینا بۆ سەر کەشتی و ئامانجەکانی نێو خاکی ڕووسیا کاریگەر بوون. لە بەرانبەردا، چاودێرانی ئۆکراینی و ڕۆژاوایی ئەم گێڕانەوەیەی پوتین ڕەت دەکەنەوە و لە خاوبوونەوەی پێشڕەوییەکانی ڕووسیا و تەنانەت پاشەکشەی لە هەندێک ناوچەدا هەواڵ دەدەن.

