هاووڵاتییەکی تەمەن ٤٧ ساڵ بە ناوی (محەمەد عیسا)، کە لە ڕووداوە دڵتەزێنەکەی چوارشەممەی ڕابردووی ڕێگای کەسنەزان لە هەولێر بریندار ببێت، بەهۆی سەختی پێکانەکەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی سپارد.
کۆچکردوو محەمەد عیسا، کە خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانە، لە دوای ڕووداوەکە دەستبەجێ ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوا کرابوو بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی. بەڵام بەهۆی تێکچوون و ناجێگیری دۆخی تەندروستییەوە، دواتر گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی تایبەتی “سەردەم” لە شاری هەولێر.
پاش چەند ڕۆژێک لە مانەوەی لە بەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانەی سەردەم و هەوڵە پزیشکییەکان بۆ ڕزگارکردنی ژیانی، سەرئەنجام ناوبراو گیانی لەدەستدا و تەرمەکەی ڕەوانەی پزیشکی دادی هەولێر کرا.

