تیمەکانی فریاگوزاری لە وڵاتی نیپاڵ، ڕۆژی هەینی سەرکەوتوو بوون لە ڕزگارکردنی دوو کرێکار کە بۆ ماوەی نۆ ڕۆژ لە نێو تونێلێکی پڕۆژەیەکی کارەبای ئاویدا گیریان خواردبوو. ئەم ڕووداوە هیوایەکی گەورەی بەخشیوە بە تیمەکان بۆ دۆزینەوەی دەیان کەسی دیکە کە پێدهچێت هێشتا لە ژیاندا مابن و لە نێو تونێلەکەدا گیریان خواردبێت.
ئەم دوو کرێکارە لە نێو تونێلی پڕۆژەی (Trishuli 3A) لە ناوچەی “ڕاسوا” ڕزگارکران، کە بەهۆی لافاوە وێرانکەرەکەی نۆ ڕۆژ لەمەوبەرەوە داخرابوو. لافاوەکە بووەتە هۆی وێرانبوونی چەندین شارۆچکە و گوند و زیانی گەورەی بە ژێرخانی ناوچەکە گەیاندووە.
هیوا بۆ ڕزگارکردنی کەسانی دیکە
عەمید ڕاجا ڕام باسنێت، وتەبێژی سوپای نیپاڵ، ڕزگارکردنی یەکەم کرێکاری پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند کە یەکێک لە ڕزگاربووەکان بە تیمەکانی فریاگوزاری وتووە: “هێشتا کەسانی دیکە لە نێو تونێلەکەدا بە زیندوویی ماونەتەوە.”
بەرپرسانی حکومی ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەو دوو کەسەی ڕزگارکراون، یەکێکیان سەرپەرشتیاری میکانیکی و ئەوی تریان فۆرمنی میکانیکییە. تیمەکانی فریاگوزاری بەیانی ڕۆژی هەینی دوای بیستنی دەنگی مرۆڤ لە نێو تونێلەکەوە، توانیویانە شوێنیان دیاری بکەن و پاشان ڕزگاریان بکەن.
دۆخی تەندروستی ڕزگاربووەکان
کەناڵە ناوخۆییەکانی نیپاڵ وێنەی یەکێک لە ڕزگاربووەکانیان نیشاندا کە بە قوڕ و لیتە داپۆشرابوو و لەسەر شانی کارمەندێکی فریاگوزاری دەهێنرایە دەرەوە. بەرپرسان دەڵێن باری تەندروستی هەردوو کرێکارەکە جێگیرە و بە مەبەستی چارەسەری زیاتر بە کۆپتەر بۆ نەخۆشخانەیەکی کاتماندۆی پایتەخت گواستراونەتەوە.
ئەمیر مەهەرجان، برای یەکێک لە ڕزگاربووەکان، بە ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێسی ڕاگەیاند: “ناتوانم وەسفی هەستی خۆمان بکەم، تەنها سوپاسی خودا دەکەین کە بە زیندوویی ماون.”
سەدان کەس هێشتا بێسەروشوێنن
بەگوێرەی ئامارەکانی یەکێتی بەرهەمهێنەرانی سەربەخۆی وزە لە نیپاڵ، نزیکەی ٥٥٧ کرێکاری پڕۆژەی (Trishuli 3A) بێسەروشوێنن، کە وا مەزندە دەکرێت ١١٥ کەسیان لە کاتی ڕوودانی لافاوەکەدا لە نێو تونێلەکەدا بووبن و گیروخواردبن. لە ئێستادا ئۆپەراسیۆنی تیمەکانی سوپا و هێزە ئەمنییەکان بۆ گەیشتن بەو کەسانە بەردەوامە.


