zagros news agency

میسر و پاکستان لە هەولدان بۆ گەرانەوەی ئاگربەست

میسر و پاکستان جەختیان کردەوە لە گرنگی گەڕانەوە بۆ جێبەجێکردنەوەی ڕێککەوتنی کاتی نێوان ئێران و ئەمریکا، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕ و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە.

وەزارەتی دەرەوەی میسر ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە بەدر عەبدولعەتی، وەزیری دەرەوەی میسر، و محەمەد ئیسحاق دار، هاوتای پاکستانیی، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ڕۆژی شەممەدا گفتوگۆیان لەسەر هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاڵۆزی و گەڕاندنەوەی ئارامی کردووە.

هەردوو وەزیرەکە جەختیان کردەوە لە گرنگی دەستپێکردنەوەی جێبەجێکردنی تێگەیشتنی ئیسلامئاباد کە لە ١٨ی حوزەیرانی ڕابردوو لە نێوان ئەمریکا و ئێران واژۆ کراوە، هەروەها گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر و بەردەوام کە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە بەهێز بکات و ڕێگری لە فراوانبوونی شەڕ بکات.

میکانیزمی چوار لایەنی ناوچەیی

لە هەمان کاتدا، میسر و پاکستان هاوڕا بوون لەسەر پێویستی بەردەوامبوون لە ڕاوێژ و هاوکاریی نزیک لە قۆناغی داهاتوودا، هەم لە ئاستی دوولایەنە و هەم لە چوارچێوەی میکانیزمی چوار لایەنی ناوچەیی.

ئەم میکانیزمە چوار وڵاتی ناوچەیی، واتە سعودیە، میسر، تورکیا و پاکستان، لەخۆدەگرێت و ئامانجی یەکخستنی هەڵوێستەکان و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییە سەربازی و سیاسییەکانی ناوچەکەیە.

پاکستان و قەتەر ڕۆڵێکی سەرەکی لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە دەبینن؛ شەڕێک کە لە ٢٨ی شوباتی ڕابردووەوە بە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستی پێکردووە.

پەیوەندییەکەی وەزیرەکانی دەرەوەی میسر و پاکستان لە کاتێکدا ئەنجامدراوە کە ئێران لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ ڕایگەیاندووە بەلەمێکی ئەمریکی لە تەنگەی هۆرموز کردووەتە ئامانج، دوای ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا سێ تانکەری نەوتی ئێرانییان لە ئاوی کەنداوەکە کردبووە ئامانج.

ئەم هێرش و وەڵامدانەوانە لەگەڵ بەردەوامبوونی بنبەستی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە ڕوویداون. لە هەمان کاتدا واشنگتن ڕایگەیاندووە کە «شەڕێکی ئابووری»دژی تاران بەڕێوەدەبات، کە توندکردنەوەی سزا ئابوورییەکان بۆسەر ئێران و ئەو وڵاتانەش لەخۆدەگرێت کە مامەڵەی ئابووری لەگەڵ دەکەن، بە ئامانجی فشارخستنەسەر ئابووریی ئێران.

 

هەواڵی پەیوەندیدار

هیومان ڕایتس وۆچ: هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر زیندانی ئێڤین ‘تاوانێکی ئاشکرای جەنگ’ بوو

سەڵاح

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە سەرۆکی دامەزراوەی هەواڵگریی نیشتیمانیی تورکیا دەکات

یاسین

روونکردنەوە لەبارەی دوو بەشەخۆراکی هاووڵاتییانەوە دەدرێت

یاسین