zagros news agency

هەناسەدانەوەی درێژ دەتوانێت بڕیارەکانمان بگۆڕێت

توێژەران بۆیان دەرکەوتووە گۆڕینی بەئاگایانەی ڕیتمی هەناسەدان، لە ڕێگەی گۆڕینی چالاکیی دڵ و مێشکەوە دەتوانێت کاریگەری لەسەر شێوازی بڕیاردان دابنێت؛ هەروەها هەناسەدانەوەی درێژتر و هێواشتر دەتوانێت چالاکیی دڵ و مێشک بە جۆرێک بگۆڕێت مرۆڤەکان زیاتر بەرەو وەرگرتنی پاداشت کراوە بن و ئامادەییی زیاتریان بۆ مەترسیکردن و سەرکێشی هەبێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ساینس‌دەیلی، توێژەرانی پەیمانگەی ئەڵمانی بۆ خۆراکی مرۆڤ (DIfE) لە پۆتسدام-ڕێبروکە و نەخۆشخانەی زانکۆیی شاریتێ لە بەرلین بۆیان دەرکەوتووە درێژکردنەوەی ماوەی هەناسەدانەوە، گۆڕانکاری لە لێدانی دڵ زیاد دەکات و مێشک بەرانبەر پاداشتەکان هەستیارتر دەکات؛ گۆڕانکارییانێک پەیوەندییان بە هەڵبژاردنی بوێرانەترەوە هەبووە. ئەنجامی ئەم توێژینەوەیە لە گۆڤاری زانستیی “نورۆن” (Neuron)دا بڵاو کراوەتەوە.

هەناسەدانی خێرا و زیادبوونی لێدانی دڵ زۆرجار پەیوەندییان بە بڕیاردانی بەپەلەوە هەیە. مرۆڤەکان لە کاتی کەوتنە ژێر فشاردا لەوانەیە بۆ دوورکەوتنەوە لە زیان، زیاتر وریایی بنوێنن؛ چ لە کاتی وەبەرهێناندا بێت، یاخود لە دۆخێکی پڕ لە گرژی لە شوێنی کار، یان ناچاربوون بە هەڵبژاردنی بەپەلەی ژەمەخۆراکێک. لە بەرانبەردا، هەناسەدانی هێواشتر و ئارامتربوونی دۆخی دڵ و لوولەکانی خوێن لەوانەیە هەڵسەنگاندنێکی ئەرێنیتر بۆ دەرئەنجامە چاوەڕوانکراوەکان لێ بکەوێتەوە و هانی کەسەکان بەرەو سەرکێشیی زیاتر بدات.

بڕیاردان بە شێوەیەکی سەرەکی وەک پرۆسەیەکی مێشک‌تەوەر هەژمار دەکرێت، بەڵام ئەم توێژینەوە نوێیە تاوتوێی ئەگەرێکی بەرفراوانتری کردووە: ئایا پەیامە نێردراوەکان لە بەشەکانی دیکەی جەستەوە دەتوانن چالاکیی مێشک بگۆڕن و کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکانی مرۆڤ دابنێن؟

ئەم لێکۆڵینەوەیە بە سەرپەرشتیی پرۆفیسۆر سویۆنگ کیو پارک و بە هاوکاریی توێژەرانی چەندین دامەزراوەی زانستی ئەنجام دراوە. پارک لە ڕوونکردنەوەی پرسیاری سەرەکیی توێژینەوەکەدا دەڵێت: “ئێمە بە دەگمەن تەنها لەسەر بنەمای زانیاریی دەرەکی بڕیار دەدەین و بڕیارەکانمان لە ڕاستیدا دەرئەنجامی کارلێکی نێوان پرۆسە مەعریفییەکان و دۆخی ئێستای جەستەمانە. پێشتر ڕوون نەبوو کۆنترۆڵکردنی بەئاگایانەی جەستە، بۆ نموونە لە ڕێگەی هەناسەدانی ئامانجدارەوە، چۆن دەتوانێت چالاکانە پرۆسەی بڕیاردانمان کۆنترۆڵ بکات.”

توێژەران تاقیکردنەوەیان لەسەر ٤١ کەسی تەندروست ئەنجام دا لە کاتێکدا لە ژێر بارودۆخی تەواو کۆنترۆڵکراوی هەناسەداندا، بڕیاری پڕ لە مەترسییان دەدا. بەشداربووان لە ڕێنمایییەکی وێنەییی هەناسەدان پەیڕەوییان دەکرد، بەم شێوەیە یان بە ڕیتمی ئاسایی خۆیان هەناسەیان دەدا، یاخود خێراییی هەناسەدانیان کەم دەکردەوە و قۆناغی هەناسەدانەوەیان درێژتر دەکردەوە. ڕێژەی کاتیی هەناسەوەرگرتن بۆ هەناسەدانەوە لە دۆخی دووەمدا ٢ بۆ ٨ بوو.

کاتێک بەشداربووان کۆمەڵێک بڕیاری پەیوەندیدار بە مەترسییان دەدا، تیمی توێژینەوە چەند ڕەهەندێکی کاردانەوە جەستەیی و دەمارییەکانی ئەوانی پێوا. بەم جۆرە بە بەکارهێنانی وێنەگرتنی دەنگدانەوەی موگناتیسیی کارایی (fMRI)، چالاکیی مێشکیان تۆمار کرد و هاوکات شێوازی هەناسەدان، چالاکیی دڵ، گەیاندنی کارەباییی پێست و کاردانەوەی بیلبیلەی چاویان خستە ژێر چاودێرییەوە.

ئەم کۆمەڵە پێوانەکارییە دەرفەتی بە توێژەران دا تاوتوێی ئەوە بکەن ئایا درێژکردنەوەی هەناسەدانەوە تەنها لێدانی دڵ کەمدەکاتەوە یان ڕاستەوخۆ شێوازی شیکردنەوەی پاداشتە چاوەڕوانکراوەکانیش لە نێو مێشکدا دەگۆڕێت.

ئەنجامەکان دەریانخست درێژکردنەوەی هەناسەدانەوە، لێدانی دڵی کەم کردەوە و لەگەڵ ئەو هەڵبژاردنانەدا هاوتەریب بوو کە پێویستییان بە مەترسیکردنی زیاتر هەبوو. خاڵی گرنگ ئەوە بوو ئەم گۆڕانکارییە لە سەرنجدانی زیاتر بە پاداشتە چاوەڕوانکراوەکانەوە سەرچاوەی دەگرت، نەک لە کەمبوونەوەی نیگەرانی بەرانبەر زیانە ئەگەرییەکان، چونکە کاردانەوەی بەشداربووان بەرانبەر زیانەکان تا ڕادەیەکی زۆر بەبێ گۆڕانکاری مایەوە.

توێژەران لە توێکڵی پێش‌پێشەوەی سک‌-نێوەڕاست و ناوچەی پێش‌گونۆی مێشکدا (Precuneus) چالاکیی زیاتریان بەدی کرد. ئەم ناوچانە دەور لە شیکردنەوەی پاداشت و ڕێکخستنی ماوەی نێوان لێدانەکانی دڵدا دەگێڕن؛ پێوەرێک بە “گۆڕانکاری لە لێدانی دڵ” ناودەبرێت.

وێنهاو هوانگ، نووسەری سەرەکیی توێژینەوەکە، لە لێکدانەوەی ئەنجامەکاندا گوتی: “توێژینەوەکەمان جەخت لەسەر دەوری گۆڕانکاریهێنەری دەستێوەردانە هەناسەیییەکان دەکاتەوە. کارلێکی نێوان هەناسەدان و دینامیکی چالاکیی دڵ، مێشک بەرانبەر پاداشتەکان کراوەتر دەکات.”

ئەم توێژینەوەیە دەچێتە نێو بواری گەشەسەندووی لێکۆڵینەوەکانی پەیوەندیی نێوان جەستە و مێشک و پاڵپشتی لە مۆدێلە دەماری-ناوەکییەکان دەکات کە لەسەر بنەمای ئەوان، دۆخی جەستەییی مرۆڤ دەتوانێت کاریگەرییەکی بەرچاو لەسەر پرۆسە مەعریفییەکان دابنێت.

پارک ڕوونی دەکاتەوە: “تەکنیکەکانی هەناسەدان هەزاران ساڵە لە ئایین و کولتوورە جیاوازەکاندا لەگەڵ ژیانی مرۆڤدا هاوڕێ بوون. ئێمە لەم توێژینەوەیەدا بەڵگەی زانستی دەخەینە ڕوو کە دەریدەخات کۆنترۆڵکردنی هەناسەدان شێوازێکی جێی متمانە و ئامانجدارە و دەتوانێت کاریگەری لەسەر بڕیارەکانمان دابنێت.”

بە گوتەی توێژەران، لەبەر ئەوەی هەناسەدانی کۆنترۆڵکراو سادە، کەم‌تێچوو و تا ڕادەیەک ئاسانە بۆ فێربوون، دەتوانێت ببێتە ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕەفتار و هەستەکان لە ژیانی ڕۆژانەدا. هەروەها دەکرێت وەک شێوازێکی پاڵپشتیکاری نادەرمانی لە ناوەندە چارەسەرییەکاندا بەکاربێت؛ بەتایبەت بۆ نەخۆشییەکانی وەک دڵەڕاوکێ یان خەمۆکی کە لەوانەیە لەگەڵ تێکچوونی ڕێکخستنی کۆئەندامی دەماریی خۆگەڕ و گۆڕانی کاردانەوە بەرانبەر پاداشتدا بێت.

توێژینەوەکانی داهاتوو دەبێت ئەوە ڕوون بکەنەوە ئایا ئەم کاریگەرییانە لە نێو کۆمەڵگە کلینیکییە بەرفراوانەکاندا، لەوانەش کەسانی خاوەن کێشی زیادە، بەدی دەکرێن یان نا. توێژەران بەتایبەتی دەیانەوێت بزانن ئایا تەکنیکەکانی هەناسەدان دەتوانن کاریگەری لەسەر بڕیارە خۆراکییەکان دابنێن، چونکە ڕەفتاری خۆراکی بە توندی دەکەوێتە ژێر کاریگەریی شیکردنەوەی پاداشت و دۆخی جەستەییی کەسەکە.

پارک لە ڕوونکردنەوەی ئاراستەی توێژینەوەکانی داهاتوودا گوتی: “لەبەر ئەوەی بڕیارە خۆراکییەکان بە توندی دەکەونە ژێر کاریگەریی هەڵسەنگاندنی پاداشت و دۆخی جەستەیی، ڕێکخستنی ئامانجدارانەی هەناسەدان لەوانەیە لە تێگەیشتنی بەئاگایانەی ڕەفتاری خۆراکی و بەڕێوەبردنی کاریگەرتردا دەوری هەبێت.”

هەواڵی پەیوەندیدار

شەش جۆری سەرئێشە نابێت فەرامۆش بکرێن

lana

بۆ‌ ماوێ 7 ڕۆژان ل سنورێ قەزا دهوکێ 39,805 زاروکان ڤاکسینا دژی سورکا تێکهەل وەرگرتیە

دڵشاد

توێژینەوەیەک: وەرزش و چاڵاكی جه‌سته‌یی تووشبوون به‌ خه‌ڵه‌فان كه‌مده‌كاته‌وه‌

lana