ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ڕووسیا (تاس) لەسەر زاری ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا بڵاوی کردەوە، مۆسکۆ داوا لە ژاپۆن دەکات سیستەمی مووشەکیی ئەمریکی لە جۆری «تایفۆن» لە خاکی وڵاتەکەی دەربکات و لایببات.
مۆسکۆ پێشتریش چەندین جار ناڕەزایەتی خۆی دژ بە جێگیرکردنی سیستەمی تایفۆن لە میانی مەشق و ڕاهێنانە سەربازییە هاوبەشەکانی ئەم مانگەدا دەربڕیوە کە لە نێوان ژاپۆن، ئوسترالیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا بەڕێوەچوون، و ڕایگەیاندووە کە ئەو هەنگاوە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ڕووسیادەبێتە هەڕەشە.
زاخارۆڤا ئاماژەی بە یاداشتێکی ناڕەزایەتی کرد کە لە ٣ی ئەیلوولدا ئاراستەی تۆکیۆ کرابوو، و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ژاپۆن ئەم پرسە زۆر بە هەند و بە جدی وەربگرێت.
سیستەمی «تایفۆن» سیستەمێکی مووشەکیی مەودا مامناوەندە و توانای هەڵدانی مووشەکی کرووزی لە جۆرەکانی (SM-6) و «تۆماهۆک» هەیە.
لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا، ڕووسیا و ژاپۆن ڕووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە و ناڕەزایەتییان ئاڵوگۆڕ کردووە، ئەمەش دوای ئەوەی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا سەردانی دوورگەیەکی جێناکۆکی کرد کە دەکەوێتە کەناراوەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی ژاپۆن و لەژێر کۆنترۆڵی مۆسکۆدایە.

