zagros news agency

توێژینەوەیەک: تێکچوونی خەو نیشانەی مەترسیداری کێشەی بیرگە و دەمارە

 

توێژینەوە زانستییەکان پەیوەندییەکی بەهێزیان لە نێوان تێکچوونی خەو و لاوازبوونی بیرگە و تواناکانی تێگەیشتن لەگەڵ چوونە تەمەن سەلماندووە. ئەم دۆخانە دەتوانن مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی زەهایمەر و نەخۆشییە دەمارییەکانی دیکە زیاتر بکەن.

 

بەپێی ئەو راپۆرتەی رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، هەندێک نیشانەی دیار هەن کە پێویستە بە جیدی وەربگیرێن. لەوانە پرخەی بەهێز کە دەبێتە هۆی پچڕانی هەناسەدان، بەخەبەرهاتنەوەی بەردەوامی شەوانە، هەروەها دڵەڕاوکێیەک کە رێگری لە گەڕانەوە بۆ خەو دەکات و بوونی مۆتەکەی بەردەوام.

 

جوڵەی توند لە کاتی خەودا، وەک شەق لێدان یان جوڵاندنی قۆڵەکان و قسەکردن بەو شێوەیەی کەسەکە لە ناو خەونێکدا بێت، رەنگە ئاماژە بێت بۆ تێکچوونی ڕەفتاری خەوی شڵەژاو. توێژینەوەکان ئەم حاڵەتەیان بە زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییە دەمارییەکان، لەنێویاندا نەخۆشیی پارکینسن بەستووەتەوە.

 

دەرکەوتنی حاڵەتی بەپێڕۆیشتن لە کاتی خەودا لە تەمەنێکی گەورەدا، بەتایبەت لە تەمەنی شەستەکان یان حەفتاکاندا، پێویستی بە بەدواداچوونی پزیشکی هەیە. ئەم دیاردەیە نەک تەنیا کاریگەری لەسەر کوالێتیی خەو دادەنێت، بەڵکو رەنگە پەیوەندی بە تێکچوونی دەروونی یان بەکارهێنانی هەندێک ماددەی دیکەوە هەبێت.

 

لە کۆتاییدا، راپۆرتەکان جەختدەکەنەوە کە بوونی ئەم نیشانانە بەو مانایە نییە کەسەکە تووشی زەهایمەر بووە. بەڵام دووبارەبوونەوەیان یان دەرکەوتنیان بە شێوازێکی نائاسایی، پێویستدەکات راوێژ بە پزیشک یان پسپۆڕی تێکچوونەکانی خەو بکرێت بۆ ئەوەی بارودۆخەکە هەڵسەنگێندرێت و چارەسەری گونجاو دیاری بکرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

رۆژانە خواردنی عەلی بابا لەم نەخۆشیانە دەتپارێزێت

lana

پسپۆڕێکی خۆراک سوودە تەندروستییەکانی چوار جۆر ماسی دیاری دەکات

گوران

چوار خواردن پێش نوستن بۆ تەندروستی مێشک بەسوودن

lana